ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق: ئیسرائیل هێرش بکات، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا سەلامەت نابن
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق دەڵێت، ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر عێراق، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق "سەلامەت نابن".
لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی رۆژی یەکشەممەی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق لەبارەی مەترسیی گەورەبوونی جەنگی غەززە و لوبنان و گەیشتنی بە عێراق گوتی، "فراوانبوونی جەنگ پەیوەستە بە هەستکردنی گەلانی ناوچەکە بە بەرپرسیارێتی"، چونکە سەرچاوە گرنگەکانی وزەی جیهان لەم ناوچەیەدان؛ گوتیشی، ئەگەر ئەو سەرچاوانە "بەهۆی سیاسەتی دوژمنکارانەی زایۆنییەکانەوە بکەونە مەترسییەوە، وزەی تەواوی جیهان دەکەوێتە مەترسییەوە".
سبەی یەکەم ساڵیادی دەستپێکردنی جەنگی غەززەیە لەنێوان ئیسرائیل و حەماسی فەلەستین، کە ئێستا پەلی بۆ لوبنان هاویشتووە و پریشکەکانی گەیشتوونەتە یەمەن، عێراق و سووریا.
دوای ئەوەی کە سوپای ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی رابردوودا قورسایی هێرشەکانی خستەسەر حیزبوڵڵای لوبنان، گرووپە چەکدارەکانی عێراقیش هێرشەکانیان دژی ئیسرائیل زیادکرد. کاریگەرترینیان رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بوو، کاتێک لە هێرشێکی درۆنیی ئەو گرووپانەدا بۆ سەر بەرزاییەکانی گۆلان لە سووریا 2 سەربازی ئیسرائیلی کوژران و 24ی دیکە برینداربوون.
ئیسرائیل تاوەکو ئێستا راینەگەیاندووە وەڵامی بۆ ئەو هێرشە چی دەبێت، ئەگەرچی پێشتر بە بۆردوومانکردن وەڵامی هێرشی هاوشێوەی حووسییەکانی یەمەن و گرووپە چەکدارەکانی لە سووریا داوەتەوە.
لەبارەی ئەگەری هێرشی لەو جۆرەی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق، عەلی دیفاعی گوتی، "هەموو ئەو بنکە سەربازییانەی لە عێراقن سەلامەت نابن، ئەگەر عێراق بکەوێتە بەر مەترسییەوە".
لەبارەی کوژرانی ئەو دوو سەربازەی ئیسرائیلیش عەلی دیفاعی گوتی، "هەر هەواڵێکی کوژرانی سەربازانی ئیسرائیلی جێگەی دڵخۆشیی هەموو گەلی عێراق و ئەو کەسانەیە کە بەشداری لە کوشتنی سەربازانی دوژمنکاری ئیسرائیلدا دەکەن".
دیفاعی هۆشداریشی دا کە "پێویستە لەبیرمان نەچێت زۆر بنکەی سەربازیی ئەمریکا لێرەن؛ هەموویان دەکەونە بەر مەترسی و هەڕەشە، ئەگەر ئەو گرژیانە رووبەرێکی زیاتر بگرنەوە".
هێرشی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا ماوەیەکی درێژ بوو وەستابوو، بەڵام دوای ئەوەی کە ئیسرائیل زیانی گەورەی بە حیزبوڵڵای لوبنانی گەیاند، ئەو گرووپە چەکدارانە هەفتەی رابردوو بۆ یەکەمین جار دوای چەندین مانگ هێرشیان کردە سەر بنکەی ڤیکتۆریا لە بەغدا کە هێزەکانی ئەمریکای تێدایە.
ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش 2 هەزار و 500 سەربازی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و 900ی دیکەشی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە. لە دوای جەنگی غەززە، گرووپە چەکدارەکانی عێراق نزیک لە ئێران کە خۆیان بە (موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) دەناسێنن زیاتر لە 180 جار بە درۆن و مووشەک هێرشیان کردوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە کە هەموویان بۆ سەر بنکەکانی نێو عێراق و سووریا بوون تەنیا یەکێکیان نەبێت کە کرایە سەر بنکەیەکی ئەمریکی لە ئوردن. دوای ئەوە ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشێکی گەورەی ئاسمانیی کردە سەر پێگەی گرووپە چەکدارەکان کە دووایینیان لە 2ی شوبات بوو و تێیدا 85 شوێن لە عێراق و سووریا بۆردوومانکران.
بە گوێرەی میدیای ئیسرائیلی، لە دوای جەنگی غەززەوە، گرووپە چەکدارەکانی عێراق لانیکەم 170 جار هێرشیانکردووەتە سەر ئیسرائیل و 70٪ی ئەو هێرشانەش لە مانگی رابردوودا بوون، واتە هاوکات بوون لەگەل زیادبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵای لوبنانی کە بوونە هۆی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکە و ژمارەیەک لە فەرماندە و بەرپرسە هەرە باڵاکانی.
دیفاعی گوتیشی، "ئێمە پێویستمان بەوە نییە ئیسرائیل گرووپە چەکدارەکان بەم کارە (هێرشکردن) تۆمەتبار بکات. مقاوەمە ئامادەی سەرخستنی چەوسێنراوان و خەڵکی سڤیلی لوبنان."
گوتەبێژەکە هەروەها باسی لەوە کرد، ئیسرائیلییەکان "هیچ چارەسەرێکیان نییە جگە لە وەستاندنی ئەم جەنگە"؛ گوتیشی، جەنگەکە "ناوەستێت ئەگەر گوشار لە ئیسرائیل نەکرێت، چ لە لایەن گرووپەکانی مقاوەمەوە بێت یان بە گوشاری گەلانی ناوچەکە و هەڵوێستی شکۆمەندانەی حکومەتەکانی ناوچەکە یانیش بە هەڵوێستێکی نێودەوڵەتی".