لە بەغدا کارتی ئەلیکترۆنی بۆ کاروباری خەڵک لە بەنزینخانە، مۆڵ و شوێنە گشتییەکان کارا کرا

 
رووداو - بەغدا

لە چەند بەنزینخانەیەکی نێو شاری بەغدا سووتەمەنی بە کارتی ئەلیکترۆنی دەفرۆشرێت، ئەوەش لەدوای بڕیاری حکومەت بۆ دانانی ئامێری پارەدانى ئەلیکترۆنی؛ بەڵام زۆربەی خەڵک هێشتا بە کاش پارە دەدەن، هۆکارەکەشی کەمیی ھۆشیاری و نەبوونی ئامێری ئەلیکترۆنییە لەتەواوی بەنزینخانە و شوێنە گشتییەکان.
 
تەمیم کازم، خاوەن بەنزینخانە لە بەغدا دەڵێت، "ئەمە دیاردەیەکی شارستانییە و دەبێتە ھۆی ئەوەی لە پارە ھەڵگرتن نەجاتمان ببێت لە بەنزینخانە و کارئاسانیشە لەگەڵ ھاووڵاتییان، راستە رۆشنبیرییەکی نوێیە لە عێراق، بەڵام زۆر باش و سەرکەوتووە."
 
مستەفا سەید، شۆفێر ئاماژە بەوە دەکات، "کارتەکەم نییە، چونکە ماڵم لە رەسافەیە و ھەموو بەنزینخانەیەک کاری پێناکات، بۆیە نیمە، تەنها ئەو وێستگانەی کە دایانناوە، ئەم کارتە سوودی دەبێت."
 
حکومەتی عێراق لە 1ی ئەم مانگەوە بڕیاری کارکردنی بە کارتی ئەلیکترۆنی لە وێستگە، مۆڵ و شوێنە گشتییەکان دەرکرد، دواتریش لە دامەزراوە حکومییەکان.
 
ئەگەرچی لە زۆربەی وێستگە و مۆڵەکانی بەغدا ئامێری پارەدانی ئەلیکترۆنی دانراون، بەڵام ھێشتا ھۆشیاریی خەڵک نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کەوا لە تەواوی ئەو شوێنانەی ئامێری ئەلیکترۆنی دانراون، پارە بە کارتی ئەلیکترۆنی بدەن. بە گوتەی خاوەن مۆڵ و بەنزینخانەکان، نزیکەی 5%ی خەڵک تائێستا پارە بە ئامێری ئەلیکترۆنی دەدەن.
 
هەڵگری کارتە ئەلیکترۆنییەکانی بانکەکانی رەشید و رافیدەین، لە تەواوی ئەو شوێنانەی ئامێری ئەلیکترۆنیی لێیە بۆ پارەدان، دەتوانن کارت بەکاربهێنن، بانکی رەشید بۆ هاندانی بریکارەکانی، خەڵاتی 25 ملیۆن دیناری دەداتە هەر کەسێک لە 15 رۆژدا زۆرترین جار کارتی ئەلیکترۆنی بەکاربهێنێت لەبری کاش.
 
ئامال شەویلی، گوتەبێژی بانکی رەشید رایگەیاند، "وەکو دەزانن، حکومەت باج وەردەگرێت، ئەمەش لەمەودوا بە کارتی ئەلیکترۆنی دەبێت؛ ئێمە وەکو بانکی رەشید دەستمان کردووە بە ھۆشیارکردنەوەی خەڵک، بۆ ئەمەش دەستپێشخەرییەکمان کردووە لەگەڵ کۆمپانیایەک بە پێشبڕکێ بۆ ئەو کەسەی زۆرترین جار ئەم کارتە بەکاردەھێنێت و دواتر تیروپشک دەکرێت، کەسێک دەبێتە خاوەنی خەڵاتەکە کە 25 ملیۆن دینارە."
 
یەکەمجارە لەدوای ساڵی 2003 حکومەتی عێراق بڕیاری کارکردن بە ئامێری ئەلیکترۆنی بۆ پارەدان بدات، بڕیارێک کە هێشتا لەلای خەڵک نەبووەتە کولتوور و کەمترین کەس ئێستا کاری پێدەکەن.