بەدواداچوونی رووداو: بازرگانێکی کورد کەلوپەلە دزراوەکانی پاڵاوگەی بێجی لە دەستی دوو کڕیوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بۆ سۆراخی دۆسیەی دزرانی بەشێک لە ئامێر و کەرەستەکانی پاڵاوگەی بێجی دەچمە قەزای بێجی لە پارێزگای سەلاحەدین، ئەو پاڵاوگەیەی دوای کۆنترۆڵکردنەوەی لە ساڵی 2015 لە دەستی داعش، ئەو ئامێرانەی لێی دزرابوون، فرۆشران.
ماجد مسلم، چالاکڤانێکی بێجییە کە ئاگاداری بردن و فرۆشتنی ئامێرەکانی پاڵاوگەکەیە. دەگێڕێتەوە گرووپی چەکداری لە یاسا دەرچووی دەرەوەی سوپا و هێزە فەرمییەکانی عێراق، بەشێک لە پاڵاوگەکەیان تاڵانکرد و فرۆشتیان.
ماجد دەڵێت، "بەتاڵانبردنی کەلوپەلە بە بەهاکان لەناو پاڵاوگەکە لەلایەن کۆمەڵێک گرووپی لە یاسا دەرچووبوو، لەو کاتەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، پاڵاوگەی بێجی لەلایەن گرووپەکانی یاخیبوو لە یاسا دزراوە، ئەو گرووپانە زۆربەی کەلوپەلەکانی ئەو پاڵاوگەیەیان دزی."
بازرگانێکی کورد بە ناوی "ج، ئـ" کارەکتەری سەرەکیی چیرۆکی کڕینەوە و گەڕاندنەوەی ئامێر و کەرەستەکانی پاڵاوگەی بێجییە بۆ حکومەتی عێراق.
کەسێکی نزیکی بازرگانە کوردەکە کە لەبەر مەترسی لەسەر ژیانی نایەوێت دەربکەوێت، بۆی گێڕاینەوە: (ج . ئـ) لە ساڵی 2017 لە ناوچە پیشەسازییەکانی کەرکووک، سلێمانی و هەولێر، کەرەستە و ئامێرەکانی پاڵاوگەی بێجی لە دەستی دوو کڕیوە. ئەوکات حکومەتی عێراق ئاگادارکرایەوە، کە ئەوانە ئامێری پاڵاوگەی بێجین و هەرزانفرۆش دەکرێن، حکومەتی ئەوکاتی عێراق لیژنەیەکی 20 کەسی پێکهێنا، لیژنەکە بە (ج . ئـ)یان گوتبوو: هەرچۆنێک بێت ئامێرەکان بکڕێتەوە، بۆ ئەوەی نەبرێنە دەرەوەی عێراق.
(ج. ئـ) بڕیاردەدات هەموو کەرەستەکان بکڕێتەوە، تەنانەت هەواڵی پێدەگات کە 27 بارهەڵگر لە ئامێرەکان بە بازرگانانی ئێران فرۆشراون و خەریکن ئاودیودەکرێن، ئەو بڕیاردەدات ئەوانیش بکڕێتەوە.
سەرچاوەکەی رووداو دەڵێت، (ج . ئـ) بە 300 ملیۆن دۆلار ئامێر و کەرەستەی پاڵاوگەکەی کڕیبوو، دوای ئەوە لە سنووری پارێزگای دهۆک هەڵیان دەگرێت، لە 2017ـەوە بۆ 2023 چەندینجار کڕیار لە دەرەوە هاتوون و تاوەکو 900 ملیۆن دۆلاریان پێداوە، بەڵام نەیفرۆشتووە.
(ج. ئـ) ساڵی 2019 تووشی شێرپەنجەی گەدە دەبێت، پێش کۆچی دوایی وەسیەت دەکات، ئامێر و کەلوپەلەکان بۆ حکومەتی عێراق بگەڕێننەوە. لە کۆتایی مانگی 7ـی 2023دا ئامێرەکان بە 60 بارهەڵگر و بێبەرامبەر رادەستی حکومەتی عێراق کرانەوە، بەڵام کەسوکاری (ج. ئـ) چاوەڕێن حکومەتی عێراق قەرەبوویان بکاتەوە، لانیکەم دەستمایەی خۆیان پێبدەنەوە.
ئەوکاتەی ئامێر و کەرەستە دزراوەکانی پاڵاوگەی بێجی کڕین و فرۆشتنیان پێوەکراوە، هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ئەمنیەتی پاڵاوگەکە بەرپرسبوون.
دوای گەڕاندنەوەی ئامێر و کەرەستەکان، دەستکراوە بە نۆژەنکردنەوەی یەکەی باکوور لە پاڵاوگەی بێجی، بڕیارە تاوەکو کۆتایی 2024 تەواوبکرێت کە رۆژانە توانای پاڵاوتنی 150 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە. ئێستا یەکەیەکی پاڵاوگەکە کاردەکات، کە رۆژانە 120 هەزار بەرمیل دەپاڵێوێت.
هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز و سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی عێراق بە گوێرەی قسەی ئەو برایەی کە هاتە لای ئێمە، "پەیوەندی لەگەڵ هیچ لایەنێکی کوردیدا نییە، هەروەها لەگەڵ هیچ لایەنێک کە لە بەغدان."
لە 16-8-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەکاتی سەردانی بۆ پاڵاوگەی بێجی رایگەیاند، بە نۆژەنکردنەوە و کارکردنی تەواوەتیی پاڵاوگەی بێجی، عێراق پێویستی بە هاوردەکردنی بەرهەمەکانی نەوت نامێنێت. بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەت، ساڵانە عێراق لەنێوان سێ بۆ چوار ملیار دۆلار بەرهەمەکانی نەوت هاوردە دەکات، بە تایبەتی لە ئێرانەوە.
پاڵاوگەی بێجی وەک گەورەترین پاڵاوگە لە عێراق لە ساڵی 1978 دروستکراوە، دەکەوێتە سنووری پارێزگای سەلاحەدین بە دووریی 200 کیلۆمەتر لە باکووری بەغدا و توانای بەرهەمهێنانی رۆژانەی زیاتر لە 300 هەزار بەرمیلە.