سێنتکۆم: مووشەکێکی شکستخواردووی کرووزی ئێرانی لە بابل دۆزرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، پۆلیسی بابل مووشەکێکی کرووزی ئێرانییان دۆزیوەتەوە کە هەڵدانەکەی شکستیهێناوە.
سێنتکۆم لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا، رۆژی هەینی هۆشداریی دا لەوەی کە "بەکارهێنانی چەکی دابینکراوی ئێرانی لە لایەن گرووپە تیرۆرستییەکانی نێو عێراق و سووریا هێزەکانی هاوپەیمانی[ـی نێودەوڵەتیی دژی داعش] و دانیشتووانی خۆجێی دەخەنە مەترسییەوە."
هێزە ئەمریکییەکە هەروەها دەڵێت، "هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی سوپاسی هەوڵەکانی هێزە ئەمنییە شەرعییەکانی عێراق دەکات لە بەرامبەر هەوڵەکانیان بۆ رێگریکردن لە هێرشەکانی دیکە."
سێنتکۆم وێنەی مووشەکەکەی بڵاوکردووەتەوە.
هێزەکانی هەواڵگری و دژە تیرۆری عێراق لە پارێزگەی بابل پێشتر هەمان وێنەیان بڵاوکردبووەوە و رایانگەیاندبوو کە "درۆنێک"یان دۆزیوەتەوە کە گوایە لە "سەرچاوەیەکی نادیارەوە" هەڵدراوە و لەسەر رێگەی خێرای نێودەوڵەتی، بە ناچاری نیشتووەتەوە و بەشێکیان تەقاندووەتەوە کە گرمەیەکی گەورەی لێ هاتووە.
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، هێرشی گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا زیادیان کردووە.
بەگوێرەی پێنتاگۆن، تاوەکو ئێستا لانیکەم 115 هێرش کراونەتە سەر هێزەکانیان لە ناوچەکە.
گرووپێک کە خۆی بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنێت، بەرپرسیارێتیی زۆربەی هێرشەکانی گرتووەتە ئەستۆ.
ئەمریکاش لە وەڵامی ئەوەدا، چەندین جار پێگە و بارەگاکانی گرووپە چەکدارەکانی لە عێراق و سووریا بۆردوومان کردووە، کە دوایینیان لە رۆژی پێنجشەممە بوو لە بەغدا، کە بارەگای لیوای 12ی حەشدی شەعبی لە شەقامی فەلەستین کردە ئامانج و لە ئەنجامدا موشتاق تاڵب سەعیدی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدای حەشد کوژرا و ژمارەیەک کەسی دیکەش برینداربوون.
پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن، رۆژی پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، سەعیدی ناسراو بە ئەبو تەقوا، "چالاکانە لە پلاندانان و جێبەجێکردنی هێرشی سەر هێزە ئەمنییەکان بەشداربووە."
لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن، رایدەر گوتی، "عێراق هاوبەشێکی گرنگە، ئێمە زۆر لە نزیکەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق کاردەکەین وەک بەشێک لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش."
رایدەر هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق "بەردەوام بوون لە یارمەتیدانمان، [لەوانەش] هەندێ جار لە دۆزینەوەی ئەو شوێنانەی کە گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لێیانەوە هێرشیانکردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا، ئێمە زۆر سوپاسگوزاری ئەو پشتیوانییەین."
رایدەر هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەڤانییەدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە هێرشەکە هەنگاوێکی خۆپارێزی بووە لە دژی فەرماندەیەکی حەشد کە پلانی بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا داناوە.
رایدەر گوتی، "گرنگە کە ئاماژە بەوە بکەین هێرشەکە بۆ بەرگریلەخۆکردن ئەنجامدرا، زیان بە هیچ سڤیلێک نەگەیشت و هیچ ژێرخان و دامەزراوەیەک بەر هێرشەکە نەکەوتن."