کۆمیسیۆنی عێراق: زیاتر لە 221 هەزار کارتی بایۆمەتری دەنگدان لە هەرێمی کوردستان دەرکراوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەڵێت، هەفتەی داهاتوو خشتەی کارکردنی کۆمیسیۆنی عێراق بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەواو دەبێت و رایدەگەیێنن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 221 هەزار بایۆمەتری دەرکراوە.
رۆژی دووشەممە 04-09-2023، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای ئەوەی چلەی ئیمام حوسێن تەواو دەبێت، کۆمیسیۆنی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات یان لیژنەیەک لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەردانی کۆمیسیۆن لە بەغدا دەکات و لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبینەوە."
بە گوتەی عیماد جەمیل، کۆمیسیۆنی عێراق ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردن و دانانی خشتەی کارکردنە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، چونکە دەبێت بەرنامەی کۆمیسیۆن هەمووی ئامادەبکرێت و ئەندامان پەسندی بکەن کە رەنگە هەفتەی داهاتوو تەواوبێت و خشتەی کارکردن رابگەیێنین.
لەبارەی ئەو کەسانەی سەردانی بنکەکانیان کردووە و کارتی بایۆمەترییان دەرکردووە و تۆمارەکانیان نوێ کردووەتەوە، عیماد جەمیل دەڵێت، "لە 13ـی 7ـەوە لە هەولێر 91 هەزار و 482، لە سلێمانی 87 هەزار و 869 و لە پارێزگای دهۆک 41 هەزار و 723 کەس کارتی بایۆمەتریان دەرکردووە کە بەکۆی گشتی دەکاتە 221 هەزار و 74 کەس."
لەبارەی درێژکردنەوەی وادەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى عێراق دەڵێت، "ئەوە لەسەر خواستی خەڵک وەستاوە. ئەگەر ببینین خەڵکێکی زۆر سەردانی بنکەکان دەکەن و تۆمار نوێ دەکەنەوە، ئەوە وادەکە نوێ دەکەینەوە."
رۆژی 03-08-2023، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 25-02-2024ـی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، ئەوەش دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.