سوپای ئەمریکا گیانلەدەستدانی دوو سەربازی لە عێراق رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئەمریکا رایگەیاند، رۆژی چوارشەممەی رابردوو، دوو سەربازیان لە عێراق گیانیان لەدەستداوە.
بە گوێرەی سوپاکە، ئەو دوو سەربازە لە شەڕدا نەکوژراون، بەڵکو لە رووداوی دیکەدا گیانیان لەدەستداوە.
هەردوو سەربازەکە تەمەنیان 23 ساڵ بووە و سەر بە هێزی پاسەوانی نیشتمانیی ویلایەتی جۆرجیا بوون.
یەکێکیان بە ناوی تراڤیس جۆردن پامێنی لە شوێنێک کە ئاشکرا نەکراوە، تووشی رووداوێک بووە و دواتر لە بەغدا گیانی لەدەستداوە.
سەربازێکی دیکە بە ناوی ئۆون جەیمس ئیلیۆت لە شاری بەغدا تووشی رووداوێک بووە و هەر لەوێ گیانی لەدەستداوە.
سوپاکە وردەکاریی زیاتری لە بارەی رووداوەکان نەداوە.
پاسەوانی نیشتمانیی ویلایەتی جۆرجیا باسی لەوە کردووە، هێزەکەیان لە کانوونی یەکەمی پارەوە لە عێراق جێگیرکرابوون، کاری سەرەکییان بەڕێوەبردنی تۆپ و مووشەکی بەرگریی بووە.
سوپای ئەمریکا دەڵێت، لێکۆڵینەوە لە مردنی سەربازەکانی دەکات، بەڵام هیچ بەڵگەیەک نییە کوژرابن.
دوەین ویڵسن، فەرماندەی پاسەوانی نیشتمانیی ویلایەتی جۆرجیا دەڵێت: "ئێمە زۆر خەمبارین بە لەدەستدانی پامێنی و ئیلیۆت. ئەم دوو سەربازە خۆبەختانە خزمەتی وڵات و نەتەوەکەیان کردین. نزا و ئەوپەڕی هاوسۆزیمان بۆ خێزان و کەسوکاری هەردوو سەربازەکە دەردەبڕین."
ناسیا پامێنی، هاوژینی سەربازەکە لە پۆستێکی فەیسبووکدا دەڵێت: "پێویستە هەموو کەسێک بزانێت کە تۆ کەسێکی چەندە ناوازە بوویت، چەندە میهرەبان و گیانێکی ئازاد بوویت."
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، پامێنی تازە زاوا بووە و تەنیا 10 مانگ بووە ژیانی هاوژینی پێکهێنابوو. ئیلیۆتیش دوو رۆژ دوای گیانلەدەستدانی، بووە باوکی کوڕێک.
ساندی ئیلیۆتی هاوژینی لە پۆستێکی فەیسبووکدا نووسیویەتی: "کە پێمگوترا بە فڕۆکە دەیگەڕێننەوە وڵات، بۆ چەند چرکەیەک دڵخۆش بووم، دواتر تێگەشتم کە باسی تەرمەکەی دەکەن. دەزانم هەرگیز ناتوانم ئازیزەکەم لە ئامێزبگرمەوە."