سۆران عومەر: یاسایی نییە پەرلەمانی عێراق بڕیار لەبارەی ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدا بدات
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دەکرێت لە کاتی دروستبوونی هەر گرفتێکدا لەنێوان هەولێر و بەغدا، بڕگەی 7ی مادەی 13ی یاسای بودجە ببێتە هۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان سکاڵا لەسەر گۆڕانکارییەکانی پشکی هەرێمی کوردستان لە دادگەی فیدراڵیی عێراق تۆمار نەکات، ئەوا خۆی ئەو کارە دەکات.
بەگوێرەی نووسراوێک کە رۆژی 26ی حوزەیرانی 2023 دەرکراوە و واژۆی قاسم سەحیب، بریکاری یاسایی سەرۆکوەزیرانی عێراقی لەسەرە؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵای تۆمار کردووە لە بەرامبەر گۆڕانکاری لە 12 مادەی نێو یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025.
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی، "ئەو گۆڕانکارییانەی لە پشکی هەرێمی کوردستان کراون مەترسین بۆسەر هەرێمی کوردستان و پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق سکاڵا تۆمار بکات."
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی، "گەڕانەوە بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ بڕیاردان لەبارەی ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدا لە مادەی بڕگەی 7ی مادەی 13 ئەگەر هەبوو، کارێکی خراپ و مەترسیدارە؛ پێویستە ئەو دەسەڵاتە بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق بگەڕێندرێتەوە، کە پێش گۆڕانکارییەکان ئەو دەسەڵاتە بەو درابوو."
ئەو مادانەی سەرۆکوەزیرانی عێراق سکاڵای لەسەر تۆمارکردوون، پێکدێن لە مادەکانی 2، 16، 20، 28، 57، 62، 63، 65، 70، 71، 72، 75؛ هیچ مادەیەکی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستانیان تێدا نییە.
سۆران عومەر دەڵێت، "دانانی بڕگەی 7 لە مادەی 13 یاسایی نییە کە باس لەوە دەکات پەرلەمانی عێراق بڕیار لە ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدا دەدات و کەمکردنەوەی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە و ئەو بڕیارە لە تایبەتمەندیی پەرلەمانی عێراقدا نییە؛ چاوەڕوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم سکاڵا دژی یاسای بودجە بکات؛ ئەگەر ئەو سکاڵا نەکات ئەوا من دژی ئەو بڕگەیە سکاڵا لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق تۆمار دەکەم."
بە گوتەی سۆران عومەر، "پێشتر دانانی ئەو بڕگەیە بۆ ئەوە بوو دانوستاندنی نێوان هەولێر و بەغدا نەگەڕێتەوە بۆ خاڵی سەرەتا، بەڵام بەو گۆڕانکارییە لەکاتی بوونی هەر گرفتێک دانوستاندنەکان دەگەڕێنەوە سەرەتا؛ هەرێمی کوردستان دەتوانێت سکاڵا دژی ئەو گۆڕانکارییانە بکات کە بە نایاسایی لە پشکی هەرێمی کوردستان کراون."
بەرەبەیانى رۆژی 12ی حوزەیران، پەرلەمانى عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 پەسندکرد، ئەمەش بووە یەکەمجار لەدواى ساڵى 2021ـەوە پەرلەمانى عێراق بودجەى گشتى پەسند بکات.
قەبارەی بودجەکە بۆ هەر ساڵێک نزیکەی 199 تریلیۆن دینارە و ساڵانە 16 تریلیۆن دیناریش لەو بڕە، پشکى هەرێمى کوردستانە.