وردەکاریی هێرشکردنە سەر براندە ئەمریکییەکان لە بەغدا؛ کەس دەستگیر نەکراوە و حکومەتیش قسەی نییە

 
رووداو - بەغدا

ژمارەیەک چەکدار لە بەغدا بە بەرچاوی هێزە ئەمنییەکانەوە بە دار و ئاسن هێرشیان کردە سەر خواردنگەی براندە ئەمریکییەکان لە بەغدا.
 
هێرشی ئەمجارە بۆسەر خواردنگەکانی KFC و کیلی هاوس و چوکلێت بار بوو لە شەقامی فەڵەستین و ناوچەکانی کەڕادە و جادریە، ئەو کەسانەی هێرشەکانیان ئەنجامداوە دەستگیر نەکراون و وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش لەسەر هێرشی ئەمجارەیان هیچ قسەیەکیان نییە.
 
سەجاد سالم، کرێکار دەڵێت، "ئەوەی روودەدات ژمارەیەک ئۆتۆمبێلن، دێن و هێرش دەکەنە سەر خواردنگەکان، لەبەر ئەوەی براندن، هەمومان دەزانین سەر بە کێن ئەو خواردنگانە، پێویست ناکات ناویان بهێنم وەکو KFC و کیلی هاوس. ئەمەی روودەدات زیانەکەی هەر بۆ ئێمەی هەژارە، کار و کاسبیمان دەوەستێت. نازانین داوا لە کێ بکەین؛ داوا لە سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی بکەین؟ ئەوە ئیدی سوودی نییە."
 
ئەوانەی هێرشیان کردە سەر چوکلێت بار لە شەقامی فەڵەستین، لەڕێگەی گرووپەکانی سۆشیال میدیاوە داوا دەکەن لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق ئەو هەڵوێستە بنوێنن و هێرش بکەنەوە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
 
بەشێکی گرووپە چەکدارە شیعییەکان وەکو هاوسۆزییەک بۆ غەززە پشتیوانیی ئەو گرووپە هێرشکارانە دەکەن، تاوەکو بچنە سەر ئەو براندە ئەمریکییانە.
 
حوسێن سەعبەری، ئەندامی لیژنەی وەبەرهێنان دەڵێت، "دۆخی ئەمنی بۆ وەبەرهێنەران زۆر گرنگە، چونکە ئەوانە خاوەنی پارە و پرۆژەن، بۆیە کە دەبینن دۆخی ئەمنی خراپە و گۆڕانکاری هەیە، دەکشێنەوە. ئێمە داوا لە برایان دەکەین، بەڵێ شەڕی غەززە شەڕی ئێمەشە، شەڕی فەڵەستین شەڕی ئێمەشە؛ دەکرێت بایکۆتی ئەو براند و خواردنگانە بکرێت، تاوەکو بزانن کە نیگەرانین لێیان، نەوەک بەم شێوەیە بڕۆین شوشە و پەنجەرەکان بشکێنین."
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەبارەی هێرشەکانی هەفتەی رابردووەوە رایگەیاند، ژمارەیەک کەسیان دەستگیر کردووە کە زیاتر لە جارێک هێرشیان کردووەتە سەر خواردنگەکانی KFC، کیلی هاوس، پەیمانگەی کامبریج و کۆمپانیای کەتەر بەلەر.