شاندێکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەشداریی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای نیشتمانیی ئاو دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و رایگەیاند، لیژنەی باڵای نیشتمانیی ئاو بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کۆدەبێتەوە و ئەویش وەکو ئەندام لەو لیژنەیە بەشداری لە کۆبوونەوەکە دەکات. دەشڵێت: "عێراق سێ بەنداو لە هەرێمی کوردستان دروست دەکات."
رۆژی پێنجشەممە، 04-05-2023، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ لیژنەی باڵای نیشتمانیی ئاو بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەیزرانی عێراق کۆدەبێتەوە. منیش ئەندامم لەو لیژنە باڵایە و بۆ ئەو مەبەستە هاتووم و لە نێو بڕگەکانی دانیشتنی ئەمڕۆ باس لەو کێشە و گرفتانە دەکەین کە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی ئاو رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە."
وەزیری کشتوکاڵ جگە لە بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی لیژنەکە لە بەغدا؛ لەگەڵ وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، وەزارەتی کشتوکاڵ و ژینگە کۆدەبێتەوە.
بێگەرد تاڵەبانی گوتی: "سەردانەکەمان بۆ ئەوەیە هەماهەنگیمان هەبێت لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ بۆ ئەوەی بتوانین سوود لە ئەزموون و تواناکانی یەکدی وەربگرین هاوکات بەشداری لەو کۆنگرەیە دەکەین، کە لە عێراق لەبارەی ئاو بەڕێوەدەچێت."
بڕیارە رۆژانی 6 و 7ی ئەم مانگە سێیەمین کۆنگرەی ئاو لە شاری بەغدا بەڕێوەبچێت. شاندێکی تورکیا و ئێرانیش بەشداری لە کۆنگرەکەدا دەکەن.
حکومەتی عێراق بڕیاری داوە لە چوارچێوەی بودجەی 2023دا سێ بەنداو لە هەرێمی کوردستان دروست بکات. بێگەر تاڵەبانی دەڵێت: "ئەگەر بودجە پەسند بکرێت رەزامەندی لەسەر دروستکردنی سێ بەنداو دراوە کە ئەوانیش بەنداوی دەڵگە لە پارێزگای سلێمانی لە سنووری قەڵادزێ، مەنداوە لە پارێزگای هەولێر و باکرمان لە پارێزگای دهۆک."
حکومەتی هەرێمی کوردستان وردەکاریی ئەو سێ بەنداوەی لە کوردستان دروستدەکرێن، بڵاوکردبووەوە، کە بەمشێوەیە:
- بەندای دەڵگە لە پارێزگای سلێمانی، توانای گلدانەوەی 120 ملیۆن مەتر سێ جا ئاوی هەیە، لەسەر زێی بچووک دروست دەکرێت.
- بەنداوی باکرمان لە پارێزگای دهۆکە، توانای گلدانەوەی 500 ملیۆن مەتر سێ جا ئاوی هەیە، لەسەر رووباری خازر دروستدەکرێت.
- بەنداوی مەنداوە لە پارێزگای هەولێر، توانای گلدانەوەی 330 ملیۆن مەتر سێ جا ئاوی هەیە و لەسەر زێی گەورە دروستدەکرێت.
لە هەرێمی کوردستان 17 بەنداو هەن، سێ بەنداوی گەورە و ستراتیژی هەن، ئەوانیش بەنداوەکانی دووکان، دەربەندیخان و دهۆک، لەگەڵ چەند پۆند و بەنداوێکی دیکە.