پەرلەمانتارێکی ئەڵمانیا: هێزەکانی عێراق بەرەوپێشچوونی بەرچاویان هەبووە، بەڵام پێویستیان بە پشتیوانییە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا دەڵێت، هێزە ئەمنییەکانی عێراق "بەرەوپێشچوونی گەورەیان" لە رووبەڕووبوونەوەی داعش بەدەستهێناوە، بەڵام پێویستە پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆیان بەردەوام بێت لەپێناو زامنکردنی پاراستنی خاکی عێراق، چونکە وێڕای بەزاندنی، داعش "هێشتا ماوە."
 
تۆماس رۆویکامپ، ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا رۆژی پێنجشەممە 04-05-2023 لە رۆژی دووەمی دیداری عێراق بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی، گوتی، "شەڕی سەرکەوتووی دژی داعش، سەرکەوتنێکی مەزن بوو لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە وایکرد دۆخەکە بگەڕێتەوە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزە ئەمنییەکانی عێراق."
 
ئەڵمانیا لەگەڵ 85 وڵاتی دیکە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، پشتیوانییان لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق، پێشمەرگە و شەڕڤانانی رۆژئاوای کوردستان کرد بۆ بەزاندنی داعش.
 
ساڵی 2017 لە عێراق و باشووری کوردستان و ساڵی 2019 لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان، سەرکەوتن بەسەر داعشدا راگەیێندرا، دوای ئەوەی ساڵی 2014 گرووپە پەڕگیرەکە هێرشی کردە سەر ناوچەکە و خەلافەتێکی بەناو ئیسلامیی راگەیاند کە رەققە پایتەختەکەی بوو.
 
بەڵام بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، 6000 بۆ 10 هەزار چەکداری رێکخراوە "بە تیرۆریست" پۆلێنکراوەکە لە حەشارگەکانی باشوور و رۆژئاوای کوردستان، سووریا و عێراق خۆیان گیر کردووە. هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییش بەردەوامە لە راوێژپێدان و مەشقپێکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە.
 
تۆماس رۆویکامپ دەڵێت، "داعش بەزێندراوە، بەڵام ناتوانین بڵێین نەماوە؛ لەبەر ئەوەی سەقامگیریی عێراق بەند دەبێت لەسەر توانای هێزە ئەمنییەکانی بۆ بەردەوامیدان بە گوشاری سەر داعش و پاراستنی خاکی عێراق."
 
عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق کە لە هەمان پانێڵدا بەشداربوو، پشتڕاستی کردەوە کە داعش لە چیای قەرەچووخ بە "بەردەوامی دەکرێتە ئامانج." هەروەها گوتیشی، "بۆ رێگەگرتن لە دزەکردنی" چەکدارەکانی داعش لە سووریاوە، "پێویستە سنوور تووندوتۆڵ بکرێت" و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو جێگیر بکرێت.
 
ئەڵمانیا تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو بڕیاریدا 500 سەربازەکەی تاوەکو ساڵی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لە عێراق و هەرێمی کوردستان بهێڵێتەوە. پەرلەمانتارەکەی ئەڵمانیا گوتی، "هیوادارین بتوانین لەسەر داواکاریی حکومەتی عێراق پشتیوانییەکە درێژ بکەینەوە و وەکو بەشێک لە هێزە راوێژکارەکان بمێنینەوە."
 
تۆماس رۆوییکامپ ئاماژەی بەوەش کرد، "لە دیدگەی ئەڵمانیاوە، سەقامگیریی عێراق بۆ سەقامگیریی هەموو ناوچەکە گرنگە، بۆیە ئێمە بەردەوامی بە پشتیوانییەکەمان بۆ عێراق دەدەین بە تایبەتیش لە پەیوەندیی سەربازیدا."
 
بە بڕوای رۆوییکامپ "هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەرەوپێشچوونی بەرچاویان بەدەستهێناوە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش، بەڵام پێویستیان بە پشتیوانیکردنی زیاترە، نەک تەنیا لەڕووی تەکنیکی و ئۆپەراسیۆنەکانەوە، بەڵکو لە رێگەی راوێژدان و مەشقپێکردنی سەرباز و ئەفسەرەکانیان بۆئەوەی رووبەڕووبوونەوەی داعش بەردەوام بێت." هەروەها روونیشیکردەوە، لە رێگەی هاوبەشکردنی زانیارییشەوە یارمەتییان دەدەن.