خوێندنەوەی دووەم؛ بەشێکی پەرلەمانتاران بەمەرج دەنگ بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەدەن
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەکات. بەگوێرەى زانیارییەکانى رووداو، هەندێک لە پەرلەمانتارانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى مەرجیان بۆ دەنگدان بەو پڕۆژەیاسایە هەیە، مەرجەکەشیان ئەوەیە لەبەرامبەردا قەزاى تەلەعفەر لە سنوورى پارێزگاى نەینەوا بکرێتە پارێزگا کە ئەوان بە زۆرینە شیعەى دەزانن.
جێگری سەرۆکی لیژنەی چاودێریکردنی بەرنامەی حکومەت لە پەرلەمان بە رووداوی راگەیاند، هەڵەبجە شایستەی ئەوەیە بکرێتە پارێزگا، هەروەها پێویستە کار بۆ بەپارێزگابوونی ئەو ناوچانەی دیکەش بکرێت کە مەرجەکانی بەپارێزگابوونیان تێدایە.
دوای 10 رۆژ لە تەواوکردنی خوێندنەوەی یەکەم، لیژنەی هەرێم و پارێزگاکانی پەرلەمانی عێراق، راپۆرتی کۆتایی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی تەواوکرد و رادەستی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کرد. بڕیارە لە دانیشتنی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 4-5-2023)ـی پەرلەمانی عێراق، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بکرێت و پاشان دەنگی لەسەربدرێت.
یوسف کیلابی، پەرلەمانتار دەڵێت "ئەمە کەمترین شتە پێشکەشی هەڵەبجەی دەکەین کە بڕیارە ببێتە پارێزگا. پیرۆزبایی لە خەڵکەکەی دەکەین و یەکەم کەس دەبین سەردانیان دەکەین بۆ پیرۆزباییکردن".
ئەو پەرلەمانتارە هەروەها باسی ئەوە دەکات داواکاری هەیە ناوچەی دیکەش هاوشێوەی هەڵەبجە دەیانەوێت ببنە پارێزگا، ئەو گوتی "چونکە ناوچەکە گەورەیە و ژمارەی دانیشتووانی زۆرە، بۆیە ئەو مەرجانەش دەیگرێتەوە کە وەزارەتی پلاندانان دیاریکردووە، ئەمەش پێمان وایە شتێکی ئاساییە و دەکرێت داوای بکرێت".
بەشێکی شیعەکان دەیانەوێت لەگەڵ بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە هەریەک لە: تەلەعفەر، بەلەد و سەمەڕا هەمان چارەنووسیان بۆ دیاریبکرێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر بەپەلە تەواوکردنی خوێندنەوەی دووەم و دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە هەبووە.
محەممەد بەلداوی، جێگری سەرۆکی لیژنەی چاودێکردنی بەرنامەی حکومەت دەڵێت "هەڵەبجە شایستەی ئەوەیە بکرێتە پارێزگا و پێویستە لەو بارەیەوە هەڵوێستمان هەبێت، هەروەها پێویستە وا سەیری هەندێک ناوچەی دیکەش بکرێت کە بەهەمان شێوە دووچاری زوڵم و زۆرداری بوونەتەوە، هەروەک مەرجەکانی بەپارێزگابوونیشیان تێدایە، لەوانە ناوچەی تەلەعفەر و قەزای بەلەد".
لەدوایین کۆبوونەوەی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکانی پەرلەمان، بڕیاردرا دوو مادە بۆ پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە زیادبکرێن، یەکەمیان لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراق پێکەوە سنووری پارێزگای هەڵەبجە دیاری بکەن، دووەم سەرجەم دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، پابەند بکرێن بە جێبەجێکردنی یاساکە لەداوای پەسەندکردنی.