وەزیری بازرگانیی عێراق: دۆخی بازاڕ و ئابووری هەرێمی کوردستان جێگیرە
رووداو دیجیتاڵ
بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، حکومەتی عێراق هەڵمەتێکی دەستپێکرد بۆ فرۆشتنی ژمارەک جۆری خۆراک بە خەڵک بە نرخى پاڵپشتیکراوى کەمتر لە بازاڕ.
پەیامنێری رووداو لە وەزیری بازرگانیی عێراقی پرسی ئەم هەڵمەتە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، ئەو گوتی نەخێر تەنیا بۆ پارێزگاکانی عێراقە، بە گوتەی وەزیر دۆخەکە لە هەرێمی کوردستان "جێگیرە."
ئەسیر داود غرەیری، وەزیری بازرگانیی عێراق دەڵێت: لە هەفتەکانی داهاتوودا جۆری دیکەی خواردن لە گۆشت و ماسی و جۆرەکانی پەنیر بە خەڵک دەفرۆشین. ئێستا کوردستان دۆخی جێگیرە ئەوێ ناگرێتەوە، بەڵام لەهەر شوێنێک هەر بازاڕێک گۆرانکاریی بەسەر نرخدا هاتبێت ئەم هەڵمەتە دەیگرێتەوە و بۆی دەچین جا لە کوردستان یان هەر شوێنێکی دیکە بێت.
خەڵک لەبەردەم کۆگاکان وەستاون تاوەکو دەستیان بە کڕینی ئەو خۆراکانە بگات، بەڵام گلەییان لە شێوازی فرۆشتنەکە هەیە و دەڵێن، بۆ خەڵکانێک نرخەکە هەر وەک پێشوو دەوەستێتەوە.
عەباس کازم، فەرمانبەرێکە لە بەغدا و دەڵێت: باشە دەستیان پێکردووە، بەڵام شێوازی فرۆشتنەکە باش نییە، دەبێت شوێنی دیکە بکرێتەوە تا خەڵک بەئاسانی بۆی بێت، کەسێک لە ناوچەیەکی دوورەوە بێت و پێنج بۆ 10 هەزار بداتە تەکسی کەواتە هیچمان نەکرد.
پەیامنێری رووداو چووە نێو بازاڕەکان، تا بزانێت نرخی ئەو خۆراکانەی کە وەزارەتی بازرگانی بەنرخی پاڵپشتیکراوى کەمتر دەیفرۆشێت چ کاریگەرییەکی دروستکردووە. هەڵکەوت عەزیز پرسیاری لە دووکاندارەکان کرد و نرخەکان هەر وەک خۆیان مابوون.
ئەحمەد عەلی، دووکاندارێکە لە بەغدا و دەڵێت: هیچ سوودی نییە، چارەسەر ئەوەیە بەهای دۆلار دابەزێت تا نرخەکانیش دابەزن.
کەرار ماجد، دووکاندارێکەی دیکەیە لە بەغدا و دەڵێت: هێلکە بە چوار هەزار و نیو نافرۆشین، بە پێنج و نیو بۆ شەش دەیهێنین و بە حەوت هەزار دەیفرۆشینەوە. ئەم دۆخە زەرەری زۆری لە خەڵک داوە بۆ نموونە شتێک بە دوو هەزار و نیو بووبێت ئێستا دەبێت پێنج هەزاری پێبدەی.
وەک هەنگاوی یەکەم وەزارەتی بازرگانیی عێراق بەم نرخانە و ئەم جۆرە خۆراکانە بە خەڵک دەفرۆشێت: 50 کیلۆگرام ئارد بە 37 هەزار دینار، هێلکە بە چوار هەزار و 500 دینار، یەک کیلۆ مریشک بە سێ هەزار ینار، یەک لیتر شیر بە هەزار دینار.