دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: بە هاوئاهەنگیی ئاسایش چوار تیرۆریستمان دەستگیرکرد
رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت بە هاوئاهەنگیی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان "چوار تیرۆریستمان دەستگیرکرد."
ئەمڕۆ (شەممە، 4ـی کانوونی دووەمی 2025) دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بڵاویکردەوە "بە هاوئاهەنگیی ئەمنیی شانەی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆری دەزگاکەمان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، توانرا 4 تیرۆریستی داواکراو بە گوێرەی مادەی چواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەستگیربکرێن."
دەزگاکە دەڵێت "دوای لێکۆڵینەوە، بۆمان دەرکەوت ئەو تیرۆریستانە بەڵگەنامە و ناسنامەی ساختەیان بۆ ئاسانکاریی هاتووچۆکردن و خۆدزینەوە لە چاودێریی ئەمنی بەکارهێناوە."
لەبارەی ناسنامەی دەستگیرکراوەکانەوە، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت "دوو لەو تیرۆریستانە کارمەندی دەستەی پەرەپێدان و پیشەسازیی سەربازی رێکخراوی داعش بوون لە ویلایەتی ئەنبار. ئەوان لە پیشەسازیی دروستکردنی مووشەکی کاتیۆشا کاریان کردووە کە لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردندا لە رێگەیەوە هێزە ئەمنییەکانیان کردووەتە ئامانج."
بەگوێرەی دەزگاکە، "دوو تیرۆریستەکەی دیکە سەر بە ویلایەتی نەینەوا و دیجلەی داعش بوون و، بەشداربوون لە هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان و هاووڵاتییانی سڤیل."