خاچ و مانگی سوور: ئاوی رووبارەکان خاوێن نەکرێتەوە، کۆلێرا پارێزگای زیاتری عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی خاچ و مانگی سووری نێودەوڵەتی لە نوێترین راپۆرتیدا هۆشداری دەدات لەوەی کە ئەگەر ئاوی رووبارەکان خاوێن نەکرێتەوە، پەتای کۆلێرا لە ژمارەیەکی زیاتری پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاودەبێتەوە. دەشڵێت، بەکارهێنانی ئاوی ئاوەڕۆکان بۆ ئاودێریکردنی سەوزایی وایکردووە، لە باشووری عێراق سکچوونی تووند و لە هەرێمی کوردستانیش کۆلێرا بڵاوببێتەوە.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، دوای ئەوەی کە لە هاوینی ساڵی 2022 نەخۆشییەکە لە عێراق بڵاوبووەوە، پارێزگاکانی موسەننا، بەغدا، کەرکووک، بابل، زیقار و قادسیە زۆرترین زیانیان بەرکەوت.
 
راپۆرتەکە بە پشتبەستن بە ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق پیشانیدەدات، لەو کاتەوە سێ هەزار و 63 تووشبووی کۆلێرا تۆمارکراون و 19یان گیانیان لەدەستداوە.
 
هەولێر و سلێمانی لە پەتاکە پارێزراو نەبوون. لە هەولێر 443 تووشبوو تۆمارکراون و سێ لەوانە گیانیان لەدەستداوە. لە سلێمانیش 385 کەس تووشی پەتا ڤایرۆسییەکە بوون، بەڵام گیانلەدەستدانی نەبووە، ئەوە بە گوێرەی راپۆرتەکە.
 
کەرکووک لەسەر ئاستی عێراق زۆترین تووشبووی هەبووە، کە ژمارەیان 937 کەس بووە و سیانیان گیانیان لەدەستداوە.
 
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی قەیرانە کەڵەکەبووەکان، کێشەی پیسبوونی ئاو و نەبوونی ئامرازی خاوێنکردنی ئاو لە عێراق بەردەوامە.
 
هەروەها باس لەوە دەکات کە پیسبوونی ئاوی دیجلە و فورات بووەتە هۆی ئەوەی نەخۆشییە درمەکان مەترسیی زیاتر لەسەر عێراق دروستبکەن، بە تایبەتی ئەوانەی لە رێگەی ئاوەوە دەگوازرێنەوە، "بۆیە ئەگەر ئاوی پیسبوو لە وێستگەی پاڵاوتنی ئاو خاوێن نەکرێتەوە، بڵاوبوونەوەی کۆلێرا ئەگەری زیاتری هەیە."
 
بە گوێرەی راپۆرتەکە، بەکارهێنانی ئاوی ئاوەڕۆکان بۆ ئاودێری، لە کوردستان بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی کۆلێرا و لە باشووریش سکچوونی تووندی لێکەوتووەتەوە، چونکە ڤایرۆسەکە لە رێگەی ئەو سەوزەیانەوە دەگوازرێتەوە کە بێ کوڵاندن دەخورێن.