لێکۆڵینەوەیەک: وێڕای گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بازاڕە داراییەکانی عێراق گەشەیانکردووە

رووداو دیجیتاڵ
 
بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەک، وێڕای شەڕ و گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بازاڕە داراییەکانی عێراق گەشەیانکردووە.
 
لێکۆڵینەوە ئابوورییەکە لە لایەن ئەحمەد تەبەقچی، لێکۆڵینڤانی باڵای کۆمپانیای (وەبەرهێنانی بەرەی ئاسیا)ی هۆنگکۆنگەوە کراوە. 
 
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە، مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ، بازاڕە داراییەکانی عێراق 8.5٪ گەشەیان کردووە. هەروەها ئەم ساڵ بە گشتی، بەراورد بە پار، 17.2٪ گەشەیان کردووە، ئەمە وێڕای شەڕەکانی غەززە، باشووری لوبنان و گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران. 
 
وبەرهێنەران بە سەقامگیریی و چاکسازییە ئابوورییەکانی عێراق گەشبینن، لەنێویاندا بەهۆی بودجەی گەورە و بەرەوپێشچوونی کەرتی بانکی. هۆکارێکی دیکەی ئەو گەشبینییە، سەقامگیربوونی نرخی نەوتە، ئەمە وەک لە لێکۆڵینەوەکەدا هاتووە. 
 
بازاڕە داراییەکانی عێراق کە لە نێو بازاڕەکانی جیهاندا بە پێنوێنی RSISX کورتدەکرێتەوە، لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززەوە، واتە لە 7ی تشرینی یەکەمی پارەوە، 57٪ گەشەیکردووە. 
 
بەڵام لێکۆڵینڤانەکە باس لەوە دەکات، هێشتا مەترسیی لەسەر بازاڕە داراییەکانی عێراق ماوە، چونکە مسۆگەر نییە نرخی نەوت وەک خۆی بمێنێتەوە، لە لایەکی دیکەش، مەترسیی دەکرێت، گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران وەک جەنگێکی سەرتاسەری بە ناوچەکەدا بتەقنەوە.