راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: بەهێزیی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندیی عێراقە

 
رووداو دیجیتاڵ 

نێچیرڤان بارزانی و قاسم ئەعرەجی لە ئەنتالیا کۆبوونەوە و گفتوگۆی "گرنگیان لەبارەی پرسەکانی ئاسایش و وزەوە کرد." 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 3ی ئاداری 2024 نووسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی  کۆبوونەوەی   سەرۆکی هەرێمی کوردستان و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئەنتالیا بڵاوکردەوە. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا باسیان لە "گرنگیی هاوئاهەنگیی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و ئەعرەجی جەختی لەوە کردەوە کە لە بەرژەوەندیی عێراقە، هەرێمی کوردستان بەهێز بێت و جەختیان لە گوتاری نیشتمانیی هاوبەش کردەوە کە لە بەرژەوەندیی سەقامگیریی سیاسی هەموو لایەنەکاندایە." 
 
لە کۆڕبەندەی ئەم ساڵ لە ئەنتالیا 19 سەرۆک و سەرۆکوەزیران، 73 وەزیر و 57 نوێنەری نێودەوڵەتی لە 147 وڵاتەوە بەشدار بوون.
 
کۆڕبەندەکە ساڵی رابردوو بەهۆی بوومەلەرزەکەی مانگی شوبات هەڵوەشێنرابووەوە، بۆ ئەم ساڵ، سێ رۆژ بەردەوام بوو کە ئەمڕۆ دواڕۆژی کۆڕبەندەکە بوو.

 

 
لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا،  نێچیرڤان بارزانی ژمارەیەک دیداری لەگەڵ سەرۆک و سەرۆکوەزیران و سەرکردەکانی وڵاتانی جیهان هەبوو.