دادگەی فیدراڵی: هاووڵاتییانی عێراقی مافی کڕینی موڵکیان لە هەموو شوێنێکی وڵات هەیە


رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، دەستووری عێراق ئازادیی هاتووچۆ، گەشت و نیشتەجێبوونی بۆ هاووڵاتییان چ لە ناوەوە بێت یان دەرەوە گەرەنتیکردووە. دەشڵێت، نابێت هیچ شێواز یان رێوشوێنێک بگیرێتەبەر دژی ئەوە بێت. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 2-3-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق روونکردنەوەیەکی لەبارەی بابەتەکانی هاتووچۆ، نیشتەجێبوون و گەشتکردنەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت، "دەستووری عێراق گەرەنتی ئازادیی هاتووچۆ، گەشت و نیشتەجێبوونی بۆ هاووڵاتییانی عێراق گەرەنتیکردووە چ لە ناوەوەبێت یان لەدەرەوە، هیچ باسی دەرکردنی یاسایەکی نەکردووە ئەو مافانە رێکبخاتەوە، بەڵکو بە یەکێک لە مافە سەرەکییەکانی داناوە کە پێویستە بۆ هاووڵاتی عێراقی گەرەنتی بکرێت بەپشتبەستن بە حوکمەکانی ماددەی 44ـی دەستوور."
 
دادگەی فیدراڵیی عێراق داوا لە دامەزراوەکان دەکات، چ ئەوانەی دەسەڵاتی فیدراڵین یان هەرێم و پارێزگا رێکنەخراوەکان لە هەرێمدان، هیچ شێواز یان رێوشوێنێک نەگرنەبەر ببێتە هۆی ئەوەی هاووڵاتی عێراق ئەو مافانە لەدەستبدات، بەتایبەت بڕگەی ئەلفی سێیەم لە ماددە 23ـی دەستووری کۆماری عێراق رێگەی بە هاووڵاتی عێراقی داوە مافی موڵک کڕینی هەبێت لەهەر شوێنێک لە عێراق و ئەوەش وا دەکات پێویست نەکات هیچ یاسا یان رێنماییەک دەربکرێت دژی حوکمەکانی ماددە دەستوورییەکانی ئاماژەبۆکراو بێت، ئەوەش لەگەڵ بەڵگەنامە و راگەیاندنە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە ئازادی هاتووچۆ و گەشت و نیشتەجێبوون دەگونجێت.
 
دادگەی باڵای فیدراڵی لە روونکردنەوەکەیدا باسی بابەتی پاسپۆرتیشی کردووە و ئاماژەی بە مادەی 44ی دەستووری عێراق داوە و دەڵێت: "نابێت پاسپۆرت لە عێراقی وەربگیرێتەوە یان بێبەش بکرێت لە هاتنەوە بۆ وڵاتەکەی و ئەوە لە مافە سەرەکییەکانە کە پێویستە گەرەنتی بکرێت و پێشێل نەکرێت و هاووڵاتی مافی خۆیەتی پاسپۆرت دەربکات و هەڵیبگرێت و ئەوە مافی گوزارشتکردنە لە هاووڵاتیبوونی، نابێت هیچ یاسایەک بۆ ئەو مەبەستە دەربکرێت"
 
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق رەتیکردەوە رەشنووسی یاسا لەوبارەیەوە بۆ لیژنەکەی ئەوان هاتبێت کە باس لە وەرگرتنەوەی پاسپۆرت بکات و هاووڵاتی لێبێبەش بکات. 
 
ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "لە بابەتی تایبەت بە هاتووچۆ و گەشت و نیشتەجێبوون ئێستا هاووڵاتییان ناوچەکانی دیکەی عێراق بە ئازادی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان دەکەن و ئەوانەی ئێمەش هەروایە، جگە لەوە مافی کڕین و تاپۆکردنی زەویش لە هەرێمی کوردستان بۆ هەموو هاووڵاتییانی عێراق دەستەبەرە و رێگریی لەسەر نییە."
 
لە ماوەی هەفتەیەدا دادگەی باڵای فیدراڵی دووجار روونکردنەوەی لەسەر بابەتی نیشتەجێبوون و پاسپۆرت و دەرهێنانی دەکات، بەڵام بەپێی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ئەوەی بەشێک لە پەرلەمانتاران بەنیازی پێشکێشکردنی پڕۆژەیاسای تایبەت بەو بوارانەیان هەبێت و هیچ پڕۆژە یاسایەکیش پیشێکشنەکراوە.