سەرکردەکانی "مقاوەمەی ئیسلامی" کەمترین قسە و هەڵوێستیان لەسەر هێرشەکانی ئەمریکا هەبوو
رووداو دیجیتاڵ
بارەگای وێران و خاپووربووی چەکدارانی حەشدی شەعبی لە قائیم، کە مووشەک و گورزی ئەمریکایان بەرکەوت، یەکەم کاردانەوەی کرداریی ئەمریکا بوو دوای کوژرانی سێ سەربازەکەی.
ئەمریکا 85 شوێنی گرووپە چەکدارەکانی لە عێراق و سووریا کردە ئامانج، کە بەهۆیانەوە تەنیا لە عێراق 16 کەس کوژران و 37ـی دیکەش برینداربوون.
فالح خەزعەلی، پەرلەمانتاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت "ئەم پێشێلکارییانە بەردەوام دەبن بەهۆی ئەو لێکترازانەی لەنێوخۆدا هەیە. بەهێزترین کارت؛ یەکڕیزیی هەموومانە بە هەموو پێکهاتەکانەوە لە رێگەی هیزە سیاسییەکان. حکومەتی عێراق بەرپرسیاریێتی پاراستنی سەروەریی عێراقی لەئەستۆدایە."
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە (3ـی شوباتی 2024) بزووتنەوەی نوجەبا راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی ئەمریکا بڵاوکردەوە و رایگەیاند مقاوەمەی ئیسلامی لە کات و شوێنی گونجاودا وەڵامی ئەمریکای "داگیرکەر" دەداتەوە.
تاوەکو ئەم ساتەش هیچیەک لە گرووپەکانی دیکەی مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق، وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکایان نەداوەتەوە و سەرکردەکانیشیان کەمترین هەڵوێست و قسەیان کردووە. حکومەتی عێراقیش لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە، بانگهێشتی بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکای لە عێراق کرد و یاداشتی ناڕەزایەتیی پێیدا.
عەلی دفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق، دەڵێت "ئامادەیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، هێزی شەڕکەر،سەرباز و سەربازگەیان لە عێراق، کە دژی ئیرادەی گەل و نیشتمانە، بەرەو چەندین ململانێ و تێکچوونی دۆخی ئەمنیمان دەبات، بۆیە سەرکەوتنی هەموومان لەوەدایە کۆتایی بەو هێرش و موشەکانە بهێنرێت، کە دەکرێنە سەر عێراق، بۆیە دەبێت بڕیارە نیشتمانییەکان بچنە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ پاراستنی سەروەری و نابێت هێزی شەڕکەری بیانی لە عێراق بمێنێت."
ئەمریکا دەڵێت، ئەوە تەنیا "سەرەتایە" و زنجیرەیەک هێرشی دیکە لە کات و شوێنێک کە خۆیان دیاری دەکەن، بەڕێوەن. گرووپە چەکدارەکان و سەرکردەکانیشیان بەپێی زانیارییەکان بەدوای شوێنی سەلامەتدان و ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە کەس نازانێت چۆن دێن و دەچن، زۆربەی بارەگا دیار و فەرمییەکانیشیان ئاگادارکردوونەتەوە چۆڵی بکەن.