ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: چەکدارێکی داعشمان دەستگیرکرد پلانی هەبوو تەقینەوە لە خورماتوو بکات
رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی چەکدارێکی داعشی لە قەزای خورماتوو لە پارێزگای سەڵاحەدین راگەیاند، كە "نیازی تەقاندنەوەی بۆمبی بە هێزە ئەمنییەکاندا هەبووە."
ئەمڕۆ هەینی 3ی کانوونی دووەمی 2025 دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بڵاویکردەوە، "تیرۆریستێكی داعشمان لە قەزای خورماتوو دەستگیركرد، کە پلانی داڕشتبوو لە رێگەی بۆمبی چێندراوەوە تەقینەوە لە قەزاکەدا بکات."
ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەگوێرەی زانیارییەکانمان، تیرۆریستەكە سەر بە ویلایەتی كەركووكی رێكخراوی داعش و ئەركی گەیاندنی چەك و تەقەمەنی و هاوکاریی لۆجیستی بووە بە چەكدارانی داعش."
دوای دەستگیرکردنی "تیرۆریستەکە،" بە گوتەی ئەرشەد حاکم "دانی بەوەدا ناوە كە پلانی هەبووە لە رێگەی بۆمبی چێندراوەوە هێزە ئەمنییەكانی خورماتوو بکاتە ئامانج. بۆمبە چێندراوەكەشی لە یەكێك لە گۆڕستانەكانی قەزاکە شاردبووەوە و دوای دەستگیرکردنی، بۆمبەکە لەلایەن هێزەکانمانەوە پووچەڵ کرایەوە."