عەلی سیستانی: نابێت موسڵمانان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتەنیا ئەفغانستان جێبهێڵن
رووداو دیجیتاڵ
عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان رایگەیاند، خەڵکی ئەفغانستان لە چەند دەیەی رابردوودا رووبەڕووی چەندین نەهامەتی بوونەتەوە؛ دەشڵێت، نابێت موسڵمانان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گەلی ئەفغانستان بەتەنیا جێبهێڵن.
دوای نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 3-1-2023، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لەگەڵ ژمارەیەک لە زانایانی ئایینیی شیعەکانی ئەفغانستان کۆبووەوە کە وەکو ئەنجوومەنی زانایانی شیعە سەردانی شاری نەجەفیان کردبوو و راپۆرتێکی تێروتەسەلیان لەبارەی دۆخی ئەو وڵاتە و ئەنجوومەنەکە پێشکێشکرد.
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە کۆبوونەوەکەدا نیگەرانیی زۆری خۆی بۆ ئەو نەهامەتیانە پیشانداوە کە بەدرێژایی چەند دەیەی رابردوو گەلی ئەفغانستان رووبەڕووی بووەتەوە و ئاماژەی بۆ "ئەو کارەساتانەش کردووە کە سەرجەم ئەفغانستان بەتایبەت ئافرەتانی بەدەستییانەوە ناڵاندوویانە"؛ جەختیشیکردووەتەوە: "پێویستە موسڵمانان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەم کاتەدا گەلی ئەفغانستان بەتەنیا جێنەهێڵن و لە هیچ هەوڵێک بۆ سووککردنی ئازارەکانی سڵ نەکەنەوە."
عەلی سیستانی هەروەها ئاماژەی بۆ پێویستی پارێزگاریکردن لە یەکگرتوویی و هاوئاهەنگیی نیشتمانی و یەکڕیزی نێوخۆیی و رەچاوکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی ئەفغانستان کردووە و گوتوویەتی: "پێویستە لە تووندوتیژی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێستا خۆیان لابدەن. پێویستە ئەنجوومەنی زانایانی شیعە هەموو شتێک بکات لەپێناو دەستخستنی سەرجەم مافەکانی گەلی ئەفغانستان."
شیعەکان پێکهاتەیەکی ئەفغانستانن و چەندین جار تەقینەوە لەنێو مزگەوت و حوسەینییەکانیان کراونەتە ئامانج.
لە مانگی ئابی ساڵی 2021، رێکخراوی تاڵیبان، کابوولی کۆنترۆڵکردەوە. بەشی زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی پارەی ئەو وڵاتەیان بلۆککردووە و تاوەکو ئێستا دانیان بە حکومەتی نوێی ئەفغانستاندا نەناوە. ئەوەش وایکردووە رەوشی مرۆیی و ئابووریی ئەو وڵاتە رۆژ بە رۆژ خراپتر ببێت.
بەگوێرەی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەی 3.2 ملیۆن منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵان لە ئەفغانستان تووشی بەد خۆراکی بوون.