لێدوانی ئەمریکا بۆ رووداو لەبارەی ئەگەری هێرشکردنە سەریان لەدوای کوژرانی هەنییە

رووداو - واشنتن

بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، ئەوان "بڕواناکەن" هێرشەکەی 30ی تەممووز بۆ سەر جورف سەخر لە پارێزگای بابل، کاری لە گفتوگۆ سەربازییەکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا کردبێت.
 
هێرشە ئاسمانییەکە بووە هۆی کوژرانی چوار چەکداری حەشدی شەعبی کە بە دیاریکراوی سەر بە کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقی بوون، کە لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە.
 
هێرشەکە کاردانەوەی تووندی گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی لایەنگری ئێرانی لێکەوتەوە و ژمارەیەک لە سەرکردەکانیان، لەوانەش هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر و ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی کەتائیبی سەیدولشوهەدا، داوایان کرد حکومەت پەلە لە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا بکات، لە کاتێکدا لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بەغدا و واشنتن لە گفتوگۆدان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ئەو هێزە بیانییانەی کە بۆ شەڕی دژی داعش لە شێوەی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2014وە لە عێراق و هەرێمی کوردستان جێگیر کراون.
 
لەو بارەیەوە، رۆژی هەینی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بارەگەی پێنتاگۆن لە شاری ئارلینگتنی ویلایەتی ڤیرجینیا؛ سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن لە وەڵامی پرسیاری رووداو لەوەی "ئایا ئەو هێرشە کاریگەریی لەسەر ئەو گفتوگۆیانە دەبێت یان نا؟" گوتی، "بڕوا ناکەین ئەوە کاری لە گفتوگۆکانی پەیوەست بە لیژنەی باڵای سەربازی کردبێت. پێشتر زۆر زۆر بە روونی گوتوومانە کە رێکاری پێویست بۆ مسۆگەرکردنی سەلامەتیی هێزەکانمان لە ناوچەکە دەگرینەبەر. ئەوەی لە هێرشە ئاسمانییەکەی 30ی تەممووزیشدا بینیتان هەر ئەو کارە بوو."
 
هێرشەکە ناڕەزایی حکومەتی عێراقیشی لێکەوتەوە؛ سەبهان مولا جیاد، راوێژکاری سیاسیی سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی سێشەممە، بە رووداوی گوت، بەغدا لە ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵا لەسەر ئەمریکا تۆمار دەکات.
 
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاندبوو، هێرشەکە "رێکاری بەرگری لەخۆکردن" بووە دژی "هەندێک درۆن،" گوایە بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانیان ئامادە کرابوون.
 
لەوبارەیەوە سینگ بە رووداوی گوت، "بینیمان خەریک بوو هێرش بکرێتە سەر هێزەکانمان. لەبارەی ئەم بابەتە، ئێمە لەگەڵ حکومەتی عێراق راشکاو بووین، وەک چۆن بە ئاشکرا چەند جارێک لە منتانەوە گوێ لێبووە، هەروەها بە نهێنیش گوتوومانە کە هەمیشە رێکاری پێویست دەگرینە بەر بۆ مسۆگەرکردنی سەلامەتیی هێزەکانمان لە ناوچەکەدا. لە 30ی تەممووزیشدا هەر ئەو کارەمان کرد،" خانمە گوتەبێژەکە هۆشداریشیدا و گوتی، "ئەگەر پێویست کرا، بەردەوام دەبین لەسەر ئەو کارە."
 
هێرشەکەی سەر جورف سەخر هاوکات بوو لەگەڵ کوژرانى ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکى مەکتەبی سیاسیى بزووتنەوەى حەماسى فەلەستینى لە تارانى پایتەختى کۆمارى ئیسلامى ئێران کە ئێران، حەماس و حیزبوڵڵا دەڵێن، ئیسرائیل کوشتوویەتی.
 
هەروەها بۆردوومانەکە 24 کاژێر دوای ئەوە هات کە ئیسرائیل بە بۆردوومانێک فوئاد شوکر، بەرپرسی دیاری سەربازیی حیزبوڵڵای لوبنانی لە باشووری بەیرووت کوشت.
 
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاساییشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، هێرشەکەى جورف سەخر و کوژرانى ئیسماعیل هەنییە، "بەڵگەى پیلانێکە بۆ پەلکێشکردنى ناوچەکە بۆ جەنگێکى کراوە کە ئەنجامێکى باشی نابێت."
 
هەروەها یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی هێزی چەکدارەکانی عێراق گوتی: "ئەو جۆرە هێرشانە ئەگەر هەیە کارى ئەمنى هاوبەش بۆ شەڕکردن دژى داعش لە عێراق و سووریا پەک بخەن."
 
گفتوگۆکانی لیژنەی باڵای سەربازیی هاوبەشی ئەمریکا و عێراق لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستیان پێکرد و دوایین گفتوگۆی سەربازیی نێوان بەرپرسانی سەربازیی هەردوو لا، 23ی مانگی رابردوو بوو لە واشنتن. 
 
ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و ئەرکی ناتۆدا، نزیکەی دوو هەزار و 500 سەربازی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە. بە گوتەی سینگ، ئەو هێزانە لە دوای جەنگی دەستپێکردنی جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمی پارەوە، زیاتر لە 180 جار کەوتوونەتە بەر هێرشی درۆنی و مووشەکی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران. ئەمریکاش بە هێرشی ئاسمانی وەڵامیانی داوەتەوە. 
 
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا:
 
رووداو: حکومەتی عێراق دەڵێت، ئەو هێرشە دەبێتە هۆکاری لەباربردنی هەوڵە دیپلۆماسی و گفتوگۆ تەکنیکییەکانی لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا. ئێوە لەسەر ئەوە چی دەڵێن؟ ئایا ئەو هێرشە کاریگەریی لەسەر گفتوگۆکانتان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەبووە؟ بەتایبەتی گفتوگۆکانی لیژنەی باڵای سەربازی و گفتوگۆکانی دیکەشتان لەگەڵ حکومەتی عێراق؟
 
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا: بڕوا ناکەین ئەوە کاری لە گفتوگۆکانی پەیوەست بە لیژنەی باڵای سەربازی کردبێت. پێشتر زۆر زۆر بە روونی گوتوومانە کە رێکاری پێویست بۆ مسۆگەرکردنی سەلامەتیی هێزەکانمان لە ناوچەکە دەگرینەبەر. ئەوەی لە هێرشە ئاسمانییەکەی 30ی تەممووزیشدا بینیتان، هەر ئەو کارە بوو. ئەو رێکارەمان گرتەبەر، چونکە بینیمان خەریک بوو هێرش بکرێتە سەر هێزەکانمان. لەبارەی ئەم بابەتە، ئێمە لەگەڵ حکومەتی عێراق راشکاو بووین، وەک چۆن بە ئاشکرا چەند جارێک لە منتانەوە گوێ لێبووە، هەروەها بە نهێنیش گوتوومانە کە هەمیشە رێکاری پێویست دەگرینە بەر بۆ مسۆگەرکردنی سەلامەتیی هێزەکانمان لە ناوچەکەدا. لە 30ی تەممووزیشدا هەر ئەو کارەمان کرد. ئەگەر پێویستیش کرا، بەردەوام دەبین لەسەر ئەو کارە. لە سەرەتاشەوە لەم بارەیەوە هەڵوێستمان روون بووە.
 
رووداو: کاتێک دێتە سەر پرسی وەڵامدانەوەی ئێران تایبەت بە کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، چاوەڕوان دەکرێت گرووپە چەکدارەکانی پشتیوانلێکراو لەلایەن ئێرانەوە لە عێراق هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا بەئامانج بگرن. ئایا لەو بارەوە قسەتان لەگەڵ حکومەتی عێراق کردووە تاوەکو لە وڵاتەکەی رێگری لە هێرشی لەم شێوەیە بگرێت؟
 
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا: ئەو گوتانەم بیستووە کە بە ئاشکرا باس لە رێگەدان بە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا دەکەن. ئەوەی کە من پێت دەڵێم هەمان شتە کە لە وەڵامی پرسیاری یەکەمم گوتم. هەمیشە رێکاری پێویست بۆ مسۆگەرکردنی سەلامەتی و ئاساییشی هێزەکانمان دەگرینەبەر، لە هەر شوێنێکی جیهان جێگیر کرابن. ناچمە نێو گریمانەکانەوە و هەر ئەوە دەڵێم.