وەزیری دارایی عێراق بۆ وانەبێژان: دامەزراندنتان بابەتێکی داراییە و پێویستی بە یاسای بودجەیە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی عێراق بە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی راگەیاندووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیتوانی پێشتر مامۆستایانی وانەبێژ بەناوی گرێبەست بخاتە نێو لیستی مووچەخۆرانەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 02-05-2024، نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆبوونەوە. کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری وانەبێژان بە رووداوی گوت، پەیامی مامۆستایانیان گەیاندووە و داوای پشتیوانی و پشتیگری وەزیریان کردووە.
ئەو نوێنەرەی مامۆستایانی وانەبێژ گوتی، داوایان کردووە پارەی پێویست بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان تەرخانبکرێت بۆ ئەوەی کێشەکانیان لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکرێت.
بەگوتەی کارۆخ عەبدوڵڵا، وەزیری دارایی عێراق پێیگوتوون ئەم بابەتە بابەتێکی داراییە و پێویستی بەیاسای بودجەیە، هەروەها پێویستی بە دەرچەیەکی یاسایی هەیە بۆ ئەوەی پارەی پێویستی بۆ تەرخانبکرێت.
وەزیری دارایی عێراق بە مامۆستایانی وانەبێژی گوتووە: "حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیتوانی پێشتر مامۆستایانی وانەبێژ بەناوی گرێبەست بخاتە نێو لیستی مووچەخۆرانەوە."
لە هەرێمی کوردستان 37 هەزار و 740 مامۆستای وانەبێژ هەن، مانگانە زیاتر لە 13 ملیار دیناریان پێویستە بۆ شایستەی دارایی. کارۆخ عەبدوڵڵا دەڵێت، بۆ ئەوەی بکرێنە گرێبەست زیاتر لە 18 ملیار دیناریان پێویستە، بەڵام بۆ ئەوەی دابمەزڕێن 26 بۆ 27 ملیار دیناریان پێویستە.
رۆژی چوارشەممە، 1ـی ئایاری 2024، دەستەی وانەبێژان لەگەڵ لێژنەی دارایی و ژمارەیەک پەرلەمانتار و شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و فارس عیسا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کۆبوونەتەوە.
9ی مانگی رابردوو، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، دوای جەژنی رەمەزان، وەزارەتەکەیان ئامادەکاری دەکات "لیستی مووچەی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو لەسەر بنەمای بەگرێبەستبوونی (کۆی وانەبێژان) لە رێگەی حکومەتی هەرێمەوە ئاراستەی حکومەتی عێراقی فیدراڵ بکرێت."
بەگوێرەی رێنوێنیی ژمارە 14ـی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەو مامۆستا وانەبێژانەی هەڵگری بڕوانامەی دیبلۆمن، مووچەیان 350 هەزار دینارە و هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیش 400 هەزار دینار وەردەگرن.