وەزارەتی نەوتی عێراق: رژدین لەسەر خێرا دەستکردنەوە بە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، حکومەت و وەزارەتەکە رژدن لەسەر خێرا دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و نزیککردنەوەی بۆچوونەکان لە بەرژەوەندیی گشتی. دەشڵێت، "رەچاوی نەرمی نواندنمان کردووە بۆئەوەی یەکەمجار نەوت هەناردە بکرێتەوە و دواتر باسی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند بکرێت."

رۆژی یەکشەممە 02-04-2023 وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "وەزارەتی نەوت جەخت لەسەر رژدبوونی حکومەتی عێراق و وەزارەت لەبارەی پەلەکردن لە خێرا دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهان و کارکردن بۆ نزیککردنەوەی بۆچوونەکان لە بەرژەوەندیی گشتی دەکاتەوە."

وەزارەتی نەوت دەشڵێت، رەچاوی نەرمی نواندنی پێویست دەکات بۆ بەرەوپێشچوون بەرەو بەدیهێنانی ئامانجی دووبارە هەناردەکردنەوە لە سەرەتا بەپێی پێدراوە نوێیەکان لەدوای بڕیاری دادگە نێودەوڵەتییەکە، "پاشان باسکردنی دۆسییە هونەرییە هەڵپەسێردراوەکانی دیکەی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند، چونکە وەزارەتی نەوت لە بایەخی ئەو داهاتانە دەزانێت کە لە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانیکردنی بودجەی گشتی بەپێی ئەو بڕەی رێککەوتنی لەبارەوە کراوە، بەدەست دێت."

سەبارەت بە گەیشتن یان نەگەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق ئەوەی خستووەتەڕوو، "لە سەرجەم کۆبوونەوە دووقۆڵییەکان لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان هەموو ئەوانەی راگەیاندووە."

هاوکات جەختیشی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، "وەزارەتی نەوت لە رۆشنایی ئەو کەشە ئەرێنی و ئەو لێکتێگەیشتنە دوو قۆڵییانەی هەیە بگەین بە رێککەوتن بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت بەمنزیکانە، ئەگەر گەیشتین بە رێککەوتنی کۆتایی بەپێی لێکگەیشتنی نوێ بۆ هەناردەکردنی نەوت، ئەو کاتە رادەگەیێندرێت."

رۆژی یەکشەممە 02-04-2023 باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لەبارەی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی بۆ دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کەشوهەوای کۆبوونەوەکانی نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوت پۆزەتیڤ و باشە، چاوەڕوانین ئەمڕۆ یان سبەی رێککەوتن بکرێت و رابگەیێندرێت."

شەوی پێنجشەممە، 25ی ئاداری 2023، دەستەی نێوبژیوانی لە دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، تورکیا و عێراقی لە بڕیاری تایبەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردەوە. کاژێر 12:00ـی رۆژی هەینی، 24-03-2023، تورکیا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی راگرت، وەکو پابەندبوونێک بە بڕیاری دادگەکە، کە پشتئەستوورە بە "رێککەوتننامەی هێڵی بۆرییەکانی نەوتی خاو"ـی نێوان عێراق و تورکیا.
 
بەهۆی بڕیارەکەوە ژمارەیەک کۆمپانیا بەرهەمهێنانی نەوتیان لە کێڵگەکانی نەوتی کوردستان راگرتووە.