وردەکاریی 'هێرشێکی داعش' لە دیالە؛ 11 کەس کوژراون

رووداو دیجیتاڵ 

ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی پاش ئەوەی دەگاتە عیمرانییە، بۆمبێکی چێندراو پێیدا دەتەقێنەوە و شۆفێرەکەی دەستبەجێ گیان لەدەستدەدات. پاش کۆبوونەوەی خەڵکی ناوچەکە لە رووداوەکە دەسترێژی گولـلەیان لێدەکرێت ژمارەیەکیان گیانیان لەدەستدا.
 
ئەمڕۆ تەرمی 11 قوربانی هێرشەکەی گوندی عیمرانییەی قەزای شارەبان، وەک نەریتێکی شیعەکان بۆ بەخاکسپاردن بەڕێکران بۆ نەجەف.
 
عەقیل عوبێد، یەکێکە لە شایەتحاڵانی رووداوەکە و بە رووداوی گوت، "کەس نازانێت هۆکارەکان چین؟ دوێنێش ئەم کارەساتە روویدا وەک دەیبینن بۆمبێک بەم ئۆتۆمبێلە تەقییەوە، ئۆتۆمبێلەکەی تەقاندەوە. مامەکانم خەڵکی گوندی ئەبوتوێسەن و لەوێش نیشتەجێن و ئەمانەش کەسوکاری ئێمەن. تەنیا باس لە هۆزی بەنی تەمیم ناکەم، نەخێر ئەو کارەساتەی دوێنێ روویدا لە دژی هۆزی بەنی شەیبان-یشە. بەنی تەمیم و بەنی شەیبان یەک هۆزن. 
 
رووداوەکە کاژێر 9:30 ـی شەوی هەینی روویدا، زۆرینەی قوربانییان کەسوکاری سەباح زینی پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی بنیاتی دەوڵەتە کە نیشتەجێی عیمرانییەن.
 
نەجم فرحاف، شەیەتحاڵێکە لەبارەی رووداوەکەوە گوتی، "ئەم ئۆتۆمبێلە بە ئاراستەی ئۆتۆمبێلەکەوە هات کە بۆمب پێیدا تەقییەوە و بەهۆیەوە لە چوار سەرنشین، سێ کەسیان شەهید بوون و سەرنشینەکەی دیکەش لەم جۆگە ئاوەدا بە برینداری کەوتبوو. من و هاوڕێکانم لە ناو ئاوەکەدا دەرمانهێنا و هێزەکەش تەقەیان لێکردین و دواتر کشانەوە. سوپاس بۆ خوا ئەو سەرنشینە رزگاری بوو."
 
سەجاد فازڵ، شایەتحاڵێکی دیکەیە باس لەوە دەکات دوای تەقینەوەی بۆمبەکە، "ئێمە چووینە ئەوێ. کاتێک لە ئۆتۆمبێلەکە نزیک بووینەوە، ئەوان دەستڕێژی گوللـەیان لێکردین و سێ کەسیان بریندار کرد. کەسوکارەکانی دیکەشمان هاتن تەقەیان لەوانیش کرد و ئێمەش هیچکاممان چەکمان پێنەبوو. چەند کەسێکمان رزگارکرد، بەڵام هێزەکە گەیشتنە سەر ئەوانی دیکە و بە دەمانچە دەستڕێژییان لێکردن."
 
سەجاد لەگەڵ دوو مامی بۆ هاوکاری گەیشتبوونە شوێنی رووداوەکە بەڵام دەستبەجێ تەقەیان لێدەکرێت و مامێکی گیان لەدەست دەدات و مامێکیشی بریندارە.
 
ئۆتۆمبێلێکی شارستانی، کاتێک دەگاتە عیمرانییە، بۆمبێکی چێندراو پێیدا دەتەقێنەوە و شۆفێرەکەی دەستبەجێ گیان لەدەستدەدات.
 
عەقید هەیسەم جبووری، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چەکدارانی داعش بۆمبێکی چێندراویان بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقاندەوە و دوای کۆبوونەوەی خەڵک، بە قەنناس و دۆشکە هێرشیان کردووە."