سامانی ماسیی عێراق بەهۆی کەمئاوی لە پووکانەوەدایە
رووداو دیجیتاڵ
رووباری دیجلە کە بە شادەماری ژیان و کۆڵەکەی شارستانییەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق دادەنرێت، لە لاوازبووندایە، رووبارەکە بە نێوەڕاستی بەغدادا دەڕوات. ئاوەکەی رووی لە کەمبوون کردووە و زیانی بە بەرهەمی ماسی گەیاندووە.
جاران ماسیگرانی بەغدا ماسیی تازە و زیندوویان لە ئاوی شەپۆلداری رووبارەکە دەردەهێنا، ئێستا ناچارن لە بەندەرەکانی باشووری عێراق ماسیی هاوردەکراوی بۆنسارد بکڕن و بە خەڵکەکەی بفرۆشنەوە.
یوسف محەممەد، یەکێکە لە ماسیفرۆشەکانی بەغدا و دەڵێت، "ئاوەکە بڕاوە. ناتوانین ماسی بگرین. ماسیمان بۆ ناگیرێ. یان مرداردەبن یان دەخنکێن."
خنکانی ماسی لە نێو ئاودا لە نیشتمانێکی تینووی نێوان دوو رووباردا، نە سەیرە و نە نامۆ. دابەزینی ئاستی ئاوی دیجلە و پیسبوونی بەهۆی ئاوەڕۆ و پاشماوە پیشەسازییەکانەوە، وایکردووە ئۆکسجینی تواوەی نێو ئاوەکەی کەمبێتەوە، کە پێویستیێکی زیندوومانەوەی ماسییەکانە.
وشکبوونەوەی ئەم شاخوێنبەرە تەنیا ژیان و بژێوی ماسیگرانی تێکنەداوە، بەڵکو چینەکانی دیکەی عێراقیشی پەرێشانکردووە، وڵاتێک کە وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی دەڵێت، سەرووی 33٪ـی دانیشتووانی کشتوکاڵ دەکەن.
خەلیل شەمال، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، "کەمی سەرچاوە ئاوییەکان بووەتە هۆی کەمبوونەوەیەکی گەورەی رووبەری کشتوکاڵی. ئەم کەمبوونەوەیە وایکردووە کێشەی کۆمەڵایەتیی و ئابووری دروستبێت کە پەیوەندییان بە کۆچی دانیشتووان، چاندن و ئاژەڵدارییەوە هەیە."
چارەسەر بۆ ژیاندنەوەی رووبارەکانی عێراق، بەشێکی لەدەستی خۆی و بەشێکی لە دەستی دراوسێکانیدایە. دروستکردنی بەنداو لەلایەن ئێران و تورکیاوە وایکردووە ئاوێکی کەمتر بڕژێتە عێراقەوە.
شەڕ و ململانێ، کارگێڕیی خراپ و گەندەڵیش زیانی گەورەیان بە ژێرخانی ئاوی عێراق گەیاندووە.
بە گوێرەی دەستەی ماسیگرانی عێراقی، عێراق پێنج هەزار حەوزی نافەرمیی بەخێوکردنی ماسیی هەبوون. بە مەبەستی پارێزگاریکردنی ئاویش لە ئایاری ئەم ساڵ حکومەتی عێراق نیوەیانی تێکدا، بەو هۆیەوە، بە گوێرەی دەستەکە، بەرهەمی ماسیی عێراقی لە نزیکەی یەک ملیۆن تۆن لە ساڵێکدا، بۆ 190 هەزار تۆن دادەبەزێت.