هەفتەیەکی چارەنووسساز لەبەردەم کەرکووک دایە؛ پارێزگار هەڵدەبژێردرێت؟
رووداو دیجیتاڵ
ئەم هەفتەیە یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ دیاریکردنی پارێزگاری کەرکووک. هەشت رۆژ کاتی یاسایی ماوە تاوەکو ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پارێزگار و دوو جێگرەکەی دیاری بکات.
رووداو زانیویەتی یەکێتی لەگەڵ بەشێکی کوتلەی عەرەبی رێککەوتنی کردووە و چاوەڕێی 'ئۆکەی'ی تورکمان دەکەن تا دەست بە رێکارەکانی دابەشکردنی پۆستەکان بکەن.
ئەوەی تا ئێستا پێیگەیشتوون ئەوەیە پۆستی پارێزگار دوو ساڵی یەکەم بۆ یەکێتی و دوو ساڵی دووەمیش بۆ عەرەب بێت.
دیلان غەفوور، نوێنەری کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "ئێمە وەک شایستەی هەڵبژاردن پێمان وایە ئەوە مافی ئێمەیە پارێزگار بۆ ئێمە بێت. پرۆسەی دیموکراسی بەم شێوەیەیە، ئێستا بۆچوونێک هەیە کە دوو ساڵ بە دوو ساڵ بۆ پێکهاتەکان بێت ئەمە رێککەوتنێکی مەبدەئی لەسەرکراوە.
محەممەد شیاع سوودانی پەیامی بە کورد، تورکمان و عەرەب داوە ئەگەر تاوەکو کاتی یاسایی رێکنەکەون خۆی کەسێک دیاری دەکات بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارە ئیدارییەکانی پارێزگای کەرکووک، ئەمە وایکردووە جووڵەیەکی زیاتر بکەوێتە نێو لایەنەکان بۆ گەیشتنە رێکەوتنی کۆتایی.
تۆرهان موفتی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت: "سەرۆکوەزیران پێی باشە بڕیاری کۆتایی لە کەرکووک بێت، رێککەون بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجیی لە کەرکووک، سەرۆکوەزیران لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی کەرکووک روونیکردووەتەوە کە بەیەکسانی لەگەڵ هەموواندایە، لەسەر ئەو بنەمایە بۆچوونم وایە ئەم ماوەیە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنە بەردەوام دەبێت بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک پەنا بەخودا."
سەرۆکوەزیرانی عێراق سێجار لەگەڵ پێکهاتە و لایەنە براوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبووەتەوە، رۆژی 25ـی تەممووز لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەى عەرەب لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، رۆژی 27ـی تەممووز لەگەڵ نوێنەرانی نەتەوەی تورکمان کۆبووەوە بڕیارە لەگەڵ کورد، پارتی و یەکێتی لەسەر هەمان پرس کۆببێتەوە.
بەگوێرەى بڕگەى حەوت لە مادەى حەوت لە یاساى پارێزگا ناڕێکخراوەکان، دەبێت لانیکەم لە ماوەى 30 رۆژ دا لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگاوە، پارێزگار بە دەنگى زۆرینەى رەهاى ئەندامانى ئەنجوومەن هەڵبژێردرێن، بەڵام چارەسەرى یاسایی ئەوەى نەکردووە کە ئەگەر لە 30 رۆژدا پارێزگار هەڵنەبژێردرێت، چ هەنگاوێک دەنرێت، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت دواجار گەر خۆیان یەکلایان نەکردەوە پرسکە ببەنە دادگەی فیدراڵی.