وردەکاریی دزینی 160 ئامێری فێنککەرەوە لە نەخۆشخانەیەکی دەروونی لە بەغدا

رووداو دیجیتاڵ

نەخۆشخانەی رەشادی فێرکاری لە بەغدا، ناوەندێکە بۆ چارەسەری ئەو کەسانەی نەخۆشیی دەروونییان هەیە، بەڵام ئێستا لە گەرمەی وەرزی هاویندا، نەمانی 160 فێنککەرەوەی نەخۆشخانەکە بووەتە هەواڵی گەرم و لێکۆڵینەوەکانیش ناکۆکییان دروستکردووە.
 
لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە، گومانیش دەکرێت ئیدارەی نەخۆشخانەکە هەوڵی پەردەپۆشکردنی بابەتەکەیان دابێت.
 
دکتۆر جاسب لەتیف، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستیی رەسافە سەبارەت بە دیارنەمانی فێنککەرەوەکان دەڵێ "بە چەند قۆناخێک ئەم ئامێرانە بردراون، چونکە ناتوانرێت بەیەکجار ئەم ژمارەیە لە نەخۆشخانە دەربهێنرێن. زانیاریشم ھەیە کە کاتێک لێکۆڵینەوە لە بابەتەکەدا کراوە، چەند ئامێرێکیان کڕیون و لە شوێنی دزراوەکانیان داناوە، چونکە ژمارەکە زۆر زیاتربووە، تاوەکو لە لێکۆڵینەوەدا وا دەرکەوێت ئەمە ئامێرەکان بوون و چاکراونەتەوە و بەکارھاتوون." 
 
نەخۆشخانەکە ئێستا و پێشتریش خزمەتگوزارییەکانی خراپ بوون، نەمانی فێنککەرەوەکان بوونەتە زەنگی ئاگادارکردنەوە، ئێستا بەڕێوەبەری نەخۆشخانە، بەڕێوەبەری تەکنیکی و چەند بەرپرسێکی دیکەی ئەو ناوەندە لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە.
 
لە عێراق هێشتا هەواڵی "دزیی سەدە" لای خەڵک گەرمە، هەواڵی ئەم نەخۆشخانەش وا زیادی کرد و خەڵکی نیگەرانتر کردووە.
 
یاسین لازم خانەنشینە و باس لەوە دەکات "پێویستە یاسا لەدژی ھەموو کەسێک کە گەندەڵە و لەیاسا دەردەچێت، جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی ئاسایشی وڵات سەقامگیر بێت، ئاخر چۆن دەکرێت کەسێک نەخۆشیی دەروونی هەبێت و ئامێری فێنککەرەوەی لێ بدزرێت!"
 
کاسبکارێکیش بەناوی عەبدوڵڵا عیماد دەڵێ "ئێمە، داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین، کە نابێت دزی بکرێت، نەک تەنیا فێنککەرەوە و نەک تەنیا لەم نەخۆشخانەیە، بەڵکو لە ھەموو عێراقدا." 
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستیی رەسافە، نەخۆشخانەکە زیاتر لە 1400 تەختی هەیە، ئاستی خزمەتگوزارییەکانیشی زۆر نزمە.
 
نەخۆشخانەی رەشاد لە ساڵی 1930 دروستکراوە و سەرەتا سەربازگە بووە، لە ساڵی  1950 بووەتە شوێنی چارەسەرکردنی نەخۆشانی دەروونی، دوایینجار لە ساڵی 1996ـدا کاتێک عێراق بەدەست ئابڵۆقەی ئابوورییەوە دەیناڵاند، دوو قاوشی بۆ زیادکراوە، لەو کاتەوە تائێستاش هیچ نۆژەن نەکراوەتەوە.
 
لێکۆڵینەوەی فەرمانگەی تەندروستیی رەسافە لە دیارنەمانی زیاتر لە 160 ئامێری فێنککەرەوەی نەخۆشخانەی رەشادی فێرکاری، گرژی و ئاڵۆزیی لەنێوان وەزارەتی تەندروستی و فەرمانگەی تەندروستی رەسافە دروستدەکات، ھەرچی بەڕێوەبەری نەخۆشخانە و وەزیری تەندروستین، دەڵێن "ھەواڵەكە راست نییە و ئامێرەکان لەژێر چاکردنەوەدان." بەڵام بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی دەڵێت "راستە و دیارنەماون."
 
گرژی و ئاڵۆزی وەزارەتی تەندروستی و فەرمانگەی تەندروستی رەسافە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، وەزیر و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رەشادی فێرکاری سەر بە دەوڵەتی یاسان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی رەسافەش سەر بە رەوتی سەدرە.