کەجەکە: لەگەڵ ئیمام حوسێنین، دژی یەزیدەکان
رووداو دیجیتاڵ
کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) راگەیێندراوێکی بەبۆنەی مانگی موحەڕەمەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت، "پێویستە هەموو ئەوانەی پشتگیریی هەق و راستی دەکەن، ئەمڕۆ لەسەر هێڵی هاوچەرخی حوسێن لە دژی یەزیدەکان بن."
رۆژی دووشەممە 1-8-2022 کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بەبۆنەی مانگی موحەڕەمەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، موسڵمانە شیعە و عەلەوییەکان چوونە ناو مانگێکی دیکەی موحەڕەمەوە "ئێمە داوا لە هەموو لایەنگرانی حەق و راستی دەکەین کە ئەمڕۆ لە سەر هێڵی هاوچەرخی حوسێن لە دژی یەزیدەکان بن."
کەجەکە ئاماژە بەوە دەدات کە عەلەوییەکان و موسڵمانانی شیعە "کاتێک یادی حوسێن و هاوڕێکانی دەکەنەوە ئەوە بە مانای ئەوەیە کە ئەو زووڵمەی لە کەربەلا کە لە موحەڕەم روویدا لەبیرناچێتەوە."
کەجەکە دەڵێت، "بەرخۆدانی کەربەلا و هەڵوێستی حەزرەتی حوسێن ئەمڕۆ زیاتر داوا لە عەلەوییەکان دەکات کە ببنە حوسەینی، چونکە ئەو یەزیدانەى دەوڵەتی تورک بەڕێوەدەبەن لەڕووی باوەڕ و کۆمەڵایەتییەوە هەڕەشە لە عەلەوییەکان دەکەن، گوشار و تووندوتیژی دەخەنە سەر عەلەوییەکان."
کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ئاماژە بەوە دەدات کە ئەوان لەو بڕوایەدان "دەبێت یادەوەرییەکانی مانگی موحەڕەم، پەرستن و خزمەتی خۆیان و یەکڕیزیی خۆیان بەهێز بکەن و لە تێکۆشان و خەباتی دیموکراسیدا ریزی خۆیان بەهێزتر بکەن."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، کەجەکە داوا لە موسڵمانە شیعە و عەلەوییەکان دەکات ئەگەر "ئیمام حوسێن بە رابەری خۆیان دەزانن، با بڵێن؛ ئەگەر زووڵمی زاڵمەکان هەبێت و ئەوا هەمیشە حوسێنی مەزڵوومەکانیش دەبێت."