خۆپێشاندانی فەرمانبەرانی عێراق بۆ زیادکردنی مووچە؛ 'مووچەکەم بووە هەمیشەیی کەمیکرد'
رووداو - بەغدا
مووچەخۆران لە پارێزگاکانی دیکە و بەغداى پایتەختی عێراق کۆبوونەوە و داوای زیادکردنى مووچەکانیان دەکەن. یەکێک لە مووچەخۆرەکان لەنێو خۆپێشاندەران دەڵێت، مانگانە پارە دەخاتە سەر مووچە کەمەکەى، بۆئەوەى قەرزى نیشتەجێبوون بداتەوە.
مستەفا مەهدى سەلمان، فەرمانبەر لە وەزارەتى وەرزش و لاوان دەڵێت، "ساڵى 2017 بوومە فەرمانبەرى گرێبەست بە مووچەى 320 هەزار دینار، کاتێک کرامە فەرمانبەرى هەمیشەیی مووچەکەم بووە 175 هەزار دینار و مانگانە دەبێت 186 هەزار دینار قەرزى نیشتەجێبوون بدەمەوە."
ژمارەیەکى زۆرى فەرمانبەران لە دەستە و وەزارەتە جیاوازەکان گردبوونەوە، داوا دەکەن لە شایستەى مووچەکانیاندا دادپەروەرى بەدیبهێندرێت، هەڕەشەى ئەوەش دەکەن، ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، مان دەگرن.
عەدنان نیعمە، فەرمانبەر لە وەزارەتى پیشەسازى دەڵێت، "ئەگەر بودجە پەسند بکرێت و دەست بە جێبەجێکردنى بکرێت، مانگرتن لە سەرجەم وەزارەتەکان دەستپێدەکەین و کارى دەوڵەت پەکدەخەین."
بەهائەدین عوبێدى، فەرمانبەر لە پارێزگاى دیالە ئاماژە بەوە دەکات، "چەندین ساڵە ستەممان لێکراوە، ستەم لە باوکانمان و گەنجانمان کراوە، ئێمە ژیانى منداڵی و هەرزەکاری و هاوژینیمان وەکو خۆى نەبوو، ئایا منداڵەکانیشمان وەکو ئێمە بژین؟ ئەمە لێرەدا روونادات و هەمووان دەوەستن، ئەمڕۆ کاتى جیدییەتە، ئەمە راستییە و پاشەکشێى لێ ناکەین."
سەتان خۆپێشاندەر لە گۆڕەپانى تەحریرەوە چوونە بەردەم دەروازەى ناوچەى سەوز، لە سایەى رێوشوێنێکى ئەمنیى تووند بۆئەوەى درێژە بە خۆپێشاندانەکان بدەن و داواى داواکارییەکانیان بکەن.
ئەگەر سیستمى نوێى مووچە پەسند بکرێت، پێویستى بە 11 تریلیۆن دینارە، کە دەبێت بۆ بودجەى گشتى زیاد بکرێت، کە ئەوە بە گوتەى پسپۆڕانى ئابوورى ئەگەر نرخى بەرمیلێک نەوت نەگاتە 100 دۆلار، خۆکوشتنى ئابوورییە.