عەلی سیستانی پێشبینی دەکات 12ـی ئادار یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان بێت
رووداو دیجیتاڵ
عەلی سیستانی، مەرجەعی شيعەکانی عێراق پێشبینی دەکات 12ـی ئادار یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان بێت.
نووسینگەی عەلی سیستانی ئەمڕۆ خشتەی بانگەکانی رەمەزانی بڵاوکردەوە و تێیدا دەردەکەوێت، مانگی رەمەزان لە 12ـی ئادار دەستپێدەکات و لە 9ـی نیسان کۆتایی دێت.
بە گوێرەی خشتەکە، رەمەزانی ئەم ساڵ 29 رۆژ دەبێت.
دیاریکردنی یەکەمین رۆژی مانگی رەمەزان، هاوشێوەی هەر مانگێکی دیکەی ساڵنامەی کۆچی، بەندە لەسەر بینینی مانگ.
سیستانی پێشبینی دەکات، ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 11ـی ئادار لە ئاسۆی شاری بەغدا، لە کاتی خۆرئاوابوون لە کاژێر 6:07 خولەک، بە گۆشەی 15 پلە لە بەرزاییدا مانگ بە روونی ببینرێت.
هەروەها وا لێکی دەداتەوە کە ئێوارەی 9ـی نیسان، هیلالی مانگی شەوال ببینرێت.
لە ساڵانی رابردوودا، رەمەزان و جەژنەکانی شيعە و سوننەی عێراق لە رۆژانی جیادا بووە.
سوننەکان شوێن لێکدانەوەی دیوانی وەقفی سوننە دەکەون.
لە هەرێمی کوردستانیش لیژنەیەکی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لەو رۆژانەی کە گومان دەکرێت کۆتایی مانگی شەعبان بێت، دوای چاودێریکردنی مانگ، یەکەم رۆژی رەمەزان دیاری دەکات.