داواکاری گشتیی تاران لێپرسینەوە لەگەڵ حەوت ژنە ئەکتەر دەکات

رووداو دیجیتاڵ

لەکاتێکدا پێنج رۆژە کارکردن لە کۆمەڵێک خانمە ئەکتەر لە ئێران قەدەخەکراوە، داواکاری گشتیی تاران بە چەند تۆمەتێکی جیاوازم دۆسیەی لەدژی حەوت ژنە هونەرمەند و رۆژنامەڤانێک کردەوە.
 
عەلی ساڵحی، داواکاری گشتیی تاران رایگەیاند، "ئەو کەسانە بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی قسەی نادروست و زانیاری ناڕاست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان؛ هەروەها بڵاوکردنەوەی بابەتی بێ بنەما، دۆسیەیان لەدژدا کراوەتەوە."
 
ئەو هونەرمەندانە بریتین لە؛ تەرانە عەلیدوستی، هنگامە قازیانی، هانیە تەوەسولی، سەحەر وەلەدبەگیان، مەریەم بووبانی، تەهمینە رەزایی میلانی، موژگان ئیلانلو و ئۆمێد توشە.
 
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە، رۆژی 25-10-2023، رێكخراوی سینەمای ئێران ناوی ئەو خانمە ئەکتەرانەی بڵاوکردەوە کە کارکردنیان لێ قەدەخە کراوە. وەزیری کولتوور و ئیرشادی ئێرانیش هەمان رۆژ رایگەیاند، "باڵاپۆشی، لە ئێران یاسایە و ئەو کەسانەی پابەندی یاسا نەبن، ناتوانن کار بکەن."
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، لیستی ئەو خانمە ئەکتەرانەی قەدەخەی کارکردنیان لەسەرە، لەلایەن رێکخراوی سینەمای ئەو وڵاتەوە بڵاوکراوەتەوە؛ لە لیستەکەدا 12 خانمە ئەکتەری بەناوبانگ هەن کە بریتین لە باران کەوسەری، ویشکا ئاسایش، تەرانە عەلیدوستی، کەتایون ریاحی، فاتیمە موعتەمیدئاریا، ئەفسانە بایگان، پانتەئا بەهرام، هەنگامە قازیانی، پگاهـ ئاهەنگەرانی، مەریەم بوبانی، گوڵاب ئادینە و شەقایق دهقان.
 
رۆژی 28-10-2023ـش ئاژانسی هەواڵی میزان کە میدیای فەرمیی دەسەڵاتی دادی ئێرانە، بڵاوی کردەوە داواکاری گشتیی تاران دژی سادق زیباکەلام، نووسەر و مامۆستای زانکۆ، سارا مەعسوومی و میلاد عەلەوی، هەروەها کەناڵی روزاروز لە تەلەگرام سکاڵای تۆمار کردووە و دۆسیەیان بۆ کردوونەتەوە.
 
ئەو کەسانە و ئەو کەناڵە بەوە تۆمەتبارن "چەندین بابەتی نادروست و بێ بەڵگەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە." 
 
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەو سێ کەسایەتییە، پێش ئەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی ئارمیتا گەڕاوەند، کچە کوردە 17 ساڵانەکە بڵاوبکرێتەوە، هەندێک بابەتیان لەبارەی گیانلەدەستدانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردبووەوە.
 
ئارمیتا گەڕاوەند دوای 28 رۆژ مانەوە لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەی فەجری تاران، رۆژی شەممە (28-10-2023) گیانی لەدەستدا.
 
ئیرنا دەڵێت، "ئارمیتا لە کاتی سەرکەوتن بۆ میترۆی تاران لەناکاو گوشاری خوێنی دابەزیبوو و بەو هۆیەوە کەوتووە و پشتی سەری بەر لێوارێکی تیژی نێو شەمەندەفەرەکە کەوتبوو. کەوتنەکەی هێندە تووند بووە، دڵی بەشێوەی کاتی وەستاوە". 
 
بەڵام رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە زاری کەسانی نزیک لەو کچە قوتابییەوە دەڵێن، پۆلیسی رەوشتی تاران بە بیانووی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشییەوە لە میترۆی تاران لەو کچە قوتابیەی داوە و پاڵیان پێوە ناوە.