کەسوکاری نۆ کۆچبەری کورد بۆ سێیەم جار لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە تاران کۆدەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
سێ رۆژە کەسوکاری نۆ کۆچبەری بێسەروشوێنبووی رۆژهەڵاتی کوردستان لە تاران لە بەردەوام باڵیۆزخانەی تورکیان و داوای ئازادکردنی دەستبەسەرکراوانیان دەکەن کە پێیانوایە چوار مانگ پێش ئێستا لە تورکیاوە دیپۆرتی سووریا کراون.
راشین رۆستەمی، خوشکی ئەفشار رۆستەمی کە یەکێکە لە کۆچبەرەکان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، ماوەی سێ رۆژە کەسوکاری ئەو نۆ کۆچبەرە لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیان لە تاران، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک ئامادە نییە لەسەر ئەو کەیسە وەڵامیان بداتەوە.
راشین رۆستەمی گوتی، "ئەو کۆچبەرانە لە تورکیا خۆیان وەکو سووری ناساندووە بۆ ئەوەی لەو وڵاتە بمێننەوە تاوەکو دەچنە ئەوروپا، هێزەکانی تورکیا لە ئیستەنبووڵ دەستگیریان کردن و دیپۆرتی سوریایان کردنەوە، ئێستا لە شاری عەزاری سووریا دەستبەسەرن و هیچ هەواڵێک لەبارەیانەوە نازانین، داوا دەکەین تورکیا هەوڵەکانی بخاتە گەڕ بۆ ئازادکردنیان".
ئەو نۆ کۆچبەرە کوردە خەڵکی پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستانن و تەمەنیان لە نێوان 35-45 ساڵە و چوار لەوانە خێزاندارن، بۆ ماوەی زیاتر لە چوار مانگە لە ئەعزازی سووریا دەستبەسەرن، ئەوان لەگەڵ ئەو 54 کۆچبەرەی باشووری کوردستان بوون کە دوای ئەوەی لە تورکیا دەستگیرکران و خۆیان بە سووری ناساندبوو دیپۆرتی ئەو وڵاتە کران، بەڵام کۆچبەرانی باشووری کوردستان دوای ماوەیەک ئازادکران و لە رێگەی تورکیاوە گەڕێندرانەوە باشووری کوردستان.
ناوی کۆچبەرەکان: بەهمەن شادرەوان، دەماوەند پاک سرووشت، سەعید ئەحمەدی، فەردین دەروێش پوور، موبین وەلەدبێگی، مەسعود حەیدەری، هیدایەت روخزادی، ئەفشار روستەمی و سامران خزر پوور. ئەوان خەڵکی شاری پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستانن.