وەزیری تەندروستیی ئێران: ساڵانە 40 هەزار کەس بەهۆی پیسبوونی هەواوە گیان لەدەستدەدەن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستیی ئێران دەڵێت، ساڵانە بەهۆی پیسبوونی هەواوە 40 هەزار کەس لە وڵاتەکە گیان لەدەستدەدەن، دەشڵێت: ''ئەگەر رێڕەوی دابەزینی گەشەی دانیشتووان راست نەکرێتەوە، 20 بۆ 25 ساڵی دیکە، دەبینە بەساڵاچووترین وڵاتی ناوچەکە.''
ئەمڕۆ هەینی 29-11-2024، محەممەدڕەزا زەفەرقەندی باسی لە زیانەکانی پیسبوونی هەوا کرد و رایگەیاند، ''هۆکاری سەرەکیی تووشبوونی منداڵان بە نەخۆشیی رەبۆ و گرفتەکانی کۆئەندامی هەناسە، پیسبوونی هەوایە و پێویستە چارەسەرێکی بنچینەیی بۆ ئەم گرفتە بدۆزرێتەوە.''
محەممەدڕەزا زەفەرقەندنی گوتی، ساڵانە بەهۆی پیسبوونی هەواوە، نزیکەی 40 هەزار کەس لە ئێران گیان لەدەستدەدەن و 12 ملیار دۆلاریش زیانی ئابووری بەر وڵاتەکە دەکەوێت.
بەگوتەی وەزیری تەندروستیی ئێران، کەمی هۆشیاری خەڵک لە بواری تەندروستی و رێژەی بەرزی گیانلەدەستدان بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە، دوو گرفتی سەرەکیی کەرتی تەندروستین و ''چارەسەرکردنیان تەنیا بە ئێمە ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە هەڵمەتێکی نیشتمانییە.''
بەگوێرەی ناوەندی ئاماری ئێران، ساڵانە نزیکەی 450 هەزار کەس بە هۆکاری جیاواز لە وڵاتەکە دەمرن و ژمارەی لەدایکبوونی ساڵانەش یەک ملیۆن کەسە. زەفەرقەندی گوتی، ''قەیرانی بەساڵاچوون یەکێک لە مەترسیدارترین رووداوەکانە، دەبێت میدیاکان مەترسییەکانی بەساڵاچوونی کۆمەڵگە بۆ خەڵک روون بکەنەوە.''
حکومەتی ئێران بە پێدانی قەرزی بانکی، هەوڵدەدات خێزانەکان هان بدات منداڵی زیاتریان ببێت. وەک وەزیری تەندروستیی ئێران دەڵێت، ''ئەگەر رێڕەوی دابەزینی گەشەی دانیشتووان راست نەکرێتەوە، 20 بۆ 25 ساڵی داهاتوو، دەبینە بەساڵاچووترین وڵاتی ناوچەکە و رێژەی لەدایکبوونی ساڵانە لە وڵاتەکەماندا دەگاتە خوار یەک ملیۆن کەس.''
بەگوێرەی دوایین راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران کە لە 12ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بڵاوکراوەتەوە، ئەو وڵاتە زیاتر لە 85 ملیۆن کەس دانیشتووی هەیە. نزیکەی 66 ملیۆنیان لە شار و 19 ملیۆنشیان لە گوندەکان دەژین.