تێڕوانینی پزیشكیان بۆ مافی كورد و نەتەوەكانی دیكە

رووداو دیجیتاڵ 
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران ئەمڕۆ سوێندی یاسایی دەخوات. نێچیرڤان بارزانی و چەندین سەرۆک و بەرپرسانی وڵاتانی جیهان لە رێوڕەسمەکەدا بەشدارن.

رۆژی 28ـی تەممووزی 2024، لە رێوڕەسمێکدا لە حوسێنییەی ئیمام خومەینی لە تاران، بەڵگەنامەی دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان وەکو نۆیەمین سەرۆککۆماری ئێران لەلایەن عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئەو وڵاتەوە واژۆکرا.
 
مەسعود پزیشکیان، ئەمڕۆ (سێشەممە، 30-07-2024) لە پەرلەمانی ئێران سوێندی یاسایی دەخوات. ئیدی چاوی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسەر جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەیە، کە لە چەندین هەفتەی بانگەشەی هەڵبژاردندا بە هاونیشتمانی و هاووڵاتییانی دا.
 
رۆژی، 26-07-2024، مەسعود پزیشکیان گوتی "پێویستە کارێکی وەها بکەین دەستەبژێرەکانمان بەشداری پێبکەین. هیچ جیاوازییەک نییە ئەگەر ئەو دەستەبژێرە شیعە، سوننە، کورد، عەرەب، عەجەم، بەلووچ یان تورکمان بێت؛ دەبێ ماف بدەینە خاوەن ماف". 
 
چەندین نەتەوەی جیاواز لە ئێران دەژین. فارس، ئازەری و کورد گەورەترینن، بەجۆرێک فارس نزیکەی 50٪ـی دانیشتووان، ئازەری نزیکەی 30٪ و کورد نزیکەی 15٪ـی دانیشتووانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنن. هەریەکە لە بەلووچ و تورکمانیش نزیکەی 2٪ـی دانیشتووانن. 
 
پزیشکیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا رەخنەی لەوە گرت لە حکومەتەکانی پێشووی ئێراندا نەتەوە و پێکهاتەکانی دیکە جگە لە فارس، ئازەری و شیعە پشتگوێخراون.
 
مەسعود پزیشکیان گوتی "دەزانن بۆچی هەندێک کەس روو لە بیرۆکەی پێکەوەبوونی عەرەب، تورک و کورد دەکەن؟ چونکە دەبینن مافەکانیان نادرێت؛ بۆیە لە شوێنێکی دیکەوە کارێکی دیکە دەکەن. پێویستە مافی هەموو خەڵک و هەموو ئێرانییەکان بدرێت."
 
پزیشکیان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا لەسەر زۆر بابەت قسەی کرد و زۆر بەڵێنی دا کە هەموویان هۆکار بوون بۆ ئەوەی لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردندا زۆرترین دەنگ بەدەستبێنێت و لە گەڕی دووەمیشدا براوە بێت. 
 
جگە لە جەختکردنەوە لە مافی نەتەوە و پێکهاتەکان، پزیشکیان بەڵێنی زیادبوونی ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان و باشکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ رۆژئاواش دا.  
 
دوای رێوڕەسمەکەی ئەمڕۆ، پزیشکیان دوو هەفتە کاتی لەبەردەمدا دەبێت بۆ ئەوەی پێکهاتەی کابینەکەی پێشکێشی پەرلەمان بکات بە مەبەستی دەنگدان بە وەزیرەکانی.