وەزارەتی بەرگریی ئێران: لە ئیسفەهان بە سێ درۆن هێرش کراوەتە سەر کۆمەڵگەیەکی بەرهەمهێنانمان
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئێران رایگەیاند، کۆمەڵگەیەکی بەرهەمهێنانی وەزارەتی بەرگری لە شاری ئیسفەهان بە سێ درۆن هێرشی کراوەتەسەر، بەڵام هێرشەکەی بە "ناسەرکەوتوو" لە قەڵەمدا و دەڵێت، "زەرەر و زیانێکی ئەوتۆی نەبووە."
وەزارەتی بەرگریی ئێران سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 29-01-2023 رایگەیاند، بە سێ درۆن هێرش کراوەتە سەر کۆمەڵگەیەکی بەرهەمهێنان، کە یەکێک لە درۆنەکان بە "سیستمی دژە مووشەکی کۆمەڵگەکە لێی دراوە و دوو درۆنی دیکەش کەوتوونەتە داوی سیستمی بەرگری و تەقیونەتەوە."
ئەو هێرشە دوایین ساتەکانی شەوی 28-01-2023 روویداوە و بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی ئێران، هێرشەکە بەهۆی "پێشبینییەکان و رێوشوێنە رەچاوکراوەکان بە سەرکەوتوویی پووچەڵ کراوەتەوە."
وەزارەتی بەرگریی ئێران دانی بەوەدا ناوە، سەربانی یەکێک لە کارگەکان زیانی بەرکەوتووە، بەڵام "کێشەیەکی بۆ دامودەزگا و چالاکییەکانی کۆمەڵگەکە دروست نەکردووە."