ئێران گشتپرسی لەبارەی جۆری دەسەڵاتی ئەو وڵاتە رەتدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆککۆماری ئێران پێشنیازی گشتپرسی بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، لەسەر سێ شت گشتپرسی ناکرێت.
محەممەد دێهقان، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری یاسایی ئەمڕۆ دووشەممە 28-11-2022 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ناراستەوخۆ وەڵامی داواکارییەکانی بۆ گشتپرسی لەو وڵاتە بۆ گۆڕینی دەسەڵات دایەوە و رایگەیاند، گشتپرسی لەبارەی کۆماریبوون، ئیسلامیبوون و گۆڕینی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ناکرێت.
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی ئێران، لە دەستووری ئەو وڵاتە ئاماژە بە گشتپرسی لەبارەی پرسە گرنگەکان دراوە، بەڵام هەندێک بابەتی سەرەکی وەکو جۆری دەسەڵات لەو وڵاتە ناگرێتەوە.
بەپێی دەستووری ئێران، گشتپرسی لەسەر هەندێک بابەتی گرنگ بە دوو لەسەر سێی دەنگی پەرلەمانتاران و پەسندکردنی لەلایەن رێبەری کۆماری ئیسلامییەوە بەڕێوەدەچێت. تاوەکو ئێستا سوود لەو یاسایە وەرنەگیراوە.
لەبارەی ئەگەری گۆڕین یان هەموارکردنەوەی ئەو یاسایەش، محەممەد دێهقان رایگەیاند، گۆڕانکاری لە دەستوور دەبێ لە کاتی سەقامگیریدا بێت.
لە ناڕەزاییەکانی 75 رۆژی رابردووی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا، ژمارەیەک کەسایەتی داوایانکردووە بەپێی خواستی خەڵک، گشتپرسی لەو وڵاتە بکرێت.