فەرماندەی سوپای پاسداران: هێرشەکەی ئیسرائیل دەرئەنجامی تاڵی دەبێت

رووداو دیجیتاڵ
 
 فەرماندی گشتی سوپای پاسداران رایگەیاند، "هێرشەکەی رژێمی زایۆنی دەرئەنجامی تاڵ و پێشبینی نەکراوی دەبێت".
 
ئەمڕۆ دووشەممە 28ی تشرینی یەکەم، حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران، پەیامێکی بۆ فەرماندەی سوپای وڵاتەکەی نارد و تێیدا بە هۆی کوژرانی چوار ئەندامی سوپاکەی هاوخەمی دەربڕی و رایگەیاند، "کردەوەی نایاسایی رژێمی زایۆنی بەهۆی ئامادەیی بەرگری ئاسمانی وڵات نەیتوانی ئامانجە ترسنۆکانەکەی بپێکێ، ئەمە بێدەسەڵاتی ئەم رژێمە لە بەرەکانی شەڕ لەگەڵ خەباتکارانی بەری مقاوەمە نیشان دەدات بە تایبەت لە غەززە و لوبنان".
 
بەرەبەیانیی رۆژی شەممە 26ـی تشرینی یەکەم سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "لە وەڵامی چەند مانگێک هێرشی بەردەوامی رژێمی ئێران دژی دەوڵەتی ئیسرائیل، لەم کاتەدا بەرگریی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی ورد دەکاتە سەر هەندێ ئامانجی سەربازی لەنێو ئێران دا".
 
دوای کۆتاییهاتنی هێرشەکە، بەرگریی ئاسمانیی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو ''سەرەڕای هۆشداریی پێشووی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە رژێمی تاوانکار و نایاسایی زایۆنی بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر کردەوەیەکی شەڕفرۆشانە، هێرشیکردە سەر بەشێک لە ناوەندە سەربازییەکانی پارێزگاکانی تاران، خوزستان و ئیلام.''
 
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە، بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە ''سەرکەوتوو'' بووە و زیانێکی کەم و سنووردار بە هەندێک شوێن کەوتووە کە قەبارەیان لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.
 
تائێستا کوژرانی چوار لە ئەندامانی سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران و کەسێکی سڤیل بەهۆی هێرشەکەوە بە فەرمی راگەیێندراوە.