تەرزە و لافاو لە خۆراسانی باکوور بوونە هۆی گیانلەدەستدانی چوار کەس و لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش زیانیان هەبوو

رووداو دیجیتاڵ

بارینی تەرزە لە هەندێ ناوچەی سەر بە شارەکانی خۆی و سەردەشت لە پارێزگای ورمێ زیانی بە باخ و کشتوکاڵ گەیاند؛ لە خوراسانی باکووریش، کە پارێزگایەکی ئێرانە و زۆربەی دانیشتووانەکەی کوردن، چوار کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستدا.
 
زەبیحوڵڵا کازمی، قایمقامی شاری خۆی رۆژی یەکشەممە 28-5-2023 گوتی، "رۆژی شەممە، تەرزە لە 10 گوندی سنووری خۆی باریوە، ئەوەش زیانی بە باخە گێلاس، هەڵوژە، سێو و قەیسییەکان گەیاندووە". 
 
لەنێو شاری خۆیدا بارینی تەرزە بووە هۆی ئەوەی لافاو دروستبێت و بەگوتەی ئەمیرعەباس جەعفەری، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای ورمێ، هەوڵیانداوە رێگە نەدەن کێشە بۆ هاونیشتمانییان دروست بێت. 
 
خاوەن فرۆشگەیەکی شاری خۆی دەڵێ، "ئەگەر لەم شارەدا تۆزقاڵێک باران ببارێت، لافاو هەڵدەستێت و ژیانی خەڵکی رووبەڕووی کێشە دەکاتەوە".
 
هاوکات باباخان ئەسکەندەری، قایمقامی شاری سەردەشت گوتی، بەهۆی بارانبارین و تەرزەبارینەوە لە گوندی سیسێرد لافاو دروستبووە و ئەوەش زیانی بە ماڵ و باخ و کشتوکاڵی خەڵک گەیاندووە.
 
لە پارێزگای خوراسانی باکووریش، کە زۆربەی دانیشتوانەکەی کوردن، لافاوی رۆژی شەممە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 4 کەس.
 
غوڵامڕەزا شەفیق، بەڕێوەبەری ناوەندی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای خوراسانی باکوور ئەمڕۆ گوتی، شەوی رابردوو لە شارەکانی فارووج و شێروان تەنیا 20 خولەک بارانێکی بەخوڕ باریوە، لافاو دروستبووە و زیانی مادی و گیانی هەبووە.
 
بەگوتەی غوڵامڕەزا شەفیق، لە شاری فارووج، لافاو هێندە زۆر بووە، کە ئۆتۆمبێلێکی بە دوو سەرنشینەوە بردووە و 18 ئوتۆمبێلی دیکەش کەوتوونەتە ژێر قوڕ و بەردەوە.
 
زیانەکانی لافاوەکانی خۆی، سەردەشت و خوراسانی باکوور هێشتا بە وردی نازانرێن و بەگوتەی بەرپرسان، لێکۆڵینەوە لە زیانەکان دەکرێ.