سوپای پاسداران لە بۆکان 'بە زەبری هێز' ناڕەزایەتییەکانیان سەرکوتکرد
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی شەممە 26-11-2022، سوپای پاسدارانی ئێران لە بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نمایشی هێزی "بۆ ترساندن و تۆقاندنی خەڵک" ئەنجامدا و سوپا بە زەبری هێز و تووندوتیژی ناڕەزایەتییەکانی بۆکانی سەرکوتکرد.
سوپای پاسداران لە شارەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان خاڵی پشکنینیان داناوە. شەوی هەینی لە سەردەشت تەقەیان لە دوو برای منداڵ کرد و برینداریان کردوون؛ برا گەورە تەمەنی 11 ساڵانە و گولـلە بەر سەری کەوتووە، کەسوکاریان لە ترسی هێزەکانی سوپای پاسداران نەیانوێراوە بیانبەنە نەخۆشخانەش.
لە پیرانشار هێزە ئەمنییەکان چوونەتە ماڵی هاونیشتمانییەک و بە تەواوی نێو ماڵەکەیان شێواندووە و زیانیان بە ئۆتۆمبیلەکەشی گەیاندووە. بەهۆی ئەو بارودۆخەوە نوێنەری مهاباد لە پەرلەمانی ئێران ناڕەزایەتی دەربڕی.
جەلال مەحموودزادە، نوێنەری مەهاباد لە پەرلەمانی ئێران گوتی، "لەشکرکێشی و بە ئەمنیکردنی شارە کوردییەکان، لەوانە مەهاباد، بێ هۆکار دەستگیرکردنی خەڵک، شەوانە چوونە سەر ماڵی خەڵک و شکاندنی کەلوپەلی نێو ماڵ و ئۆتۆمبیلی خەڵک، نووسینی دروشم لەسەر دیواری نێو ماڵی خەڵک، سەپاندنی کەشی ترساندن و تۆقاندن و دانانی بازگە و خاڵی پشکنین لە شارە کوردییەکان و پشکنینی کەلوپەلی تایبەتی خەڵک، هەروەک سەرەتای شۆڕش، هۆکارەکەی چییە؟"
جەلال مەحموودزادە داوای لە وەزیری ناوخۆی ئێران کرد کۆتایی بەم دۆخە بێت. لە قۆناخێکدا کە حکومەتی ئایینی ئێران بە رێبەریی مامۆستایانی ئایینی لە قۆناخێکی هەستیاری مێژوویی دایە، مامۆستایانی ئایینی کورد پۆل پۆل پشتگیری خۆیان بۆ خۆپێشاندەرەکان دەردەبڕن.
مامۆستایانی ئایینیی سەردەشت و رەبەت لە راگەیێندراوێکدا دەڵێن، "ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی کوردستان، هەر وەک شوێنەکانی دیکەی ئێران، بەرهەمی چەندین دەیە ستەم و نادادپەروەری، سەروەر نەبوونی یاسا و دابەشکردنی هاونیشتمانییان بەپێی گرووپ و پلەی جیاوازە. هەروەها نمایشی ترساندن و تۆقاندنی لە شارەکانی کوردستان لەڕێی نمایشی ئۆتۆمبیلە سەربازییەکان، هێرش بۆ ماڵ و ئۆتۆمبیلی خەڵک بە تووندی سەرکۆنە دەکەین."
شەوی رابردوو لە ئەسفەهان ناڕەزایەتییەکان گەیشتە کۆبوونەوەی جەماوەری سەرۆککۆماری ئێران و هاووڵاتییەک بە ئیبراهیم رەئیسی گوت، "واز بێنن، واز بێنن لە بیروباوەڕی دواکەوتووانە؛ واز بێنن لەوەی کاری ئەمڕۆ بخەنە سبەی؛ واز بێنن لە گەندەڵی و هەڵە، وازبێنن."
رۆژی شەممە 26-11-2022، عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران جارێکی دیکە خۆپێشاندەرانی بە "ئاژاوەگێڕ و بەکرێگیراوی بێگانە" لە قەڵەمدا و داوای لە بەسیج کرد کۆتایی پێبێنێت.
ناڕەزایەتییەکان قوربانی زۆری لێکەوتووەتەوە، لە ناڕەزایەتییەکانی بۆکاندا چەندین کەس گیانیان لەدەستداوە و لە ناشتنی تەرمی هەر یەکێکیاندا خەڵک دروشمی تۆڵەکردنەوە دەڵێنەوە.