ئێران گیانلەدەستدانی کەسێکی سڤیلی بەهۆی هێرشەکەی ئیسرائیلەوە راگەیاند

رووداو دیجیتاڵ
 
میدیای فەرمی ئێران رایگەیاند، لە هێرشەکەی بەرەبەیانی رۆژی شەممەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کەسێکی سڤیل بریندار بووە و دواتر گیانی لە دەستداوە، بەمەش ژمارەی کوژراوانی هێرشەکە بووە پێنج کەس.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 27ی تشرینی یەکەم، میدیای فەرمیی ئێران بڵاویان کردوە، کەسێکی سڤیل بە ناوی ئەڵڵاوێردی رەحیم پوور، بە هۆی هێرشی مووشەکیی ئێسرائیل بۆ سەر ئێران بریندار بووە، بەڵام بە هۆی سەختی برینەکەی ئەمڕۆ گیانی لە دەستداوە و بەمەش ژمارە کوژراوان بۆ 5 کەس بەرز بووەوە.
 
میدیای ئێران ئاماژەیان بەوەشکرد، ئەڵڵاوێردی رەحیم پوور کەسێکی سڤیلە و پەیوەندی بە سوپای ئێرانەوە نییە.
 
بەپێی هەندێ سەرچاوەی نافەرمی، ئەڵڵاوێردی رەحیم پوور پاسەوانی کۆمپانیایەکی تایبەت بووە.
 
بەرەبەیانیی رۆژی شەممە 26ـی تشرینی یەکەم سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "لە وەڵامی چەند مانگێک هێرشی بەردەوامی رژێمی ئێران دژی دەوڵەتی ئیسرائیل، لەم کاتەدا بەرگریی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی ورد دەکاتە سەر هەندێ ئامانجی سەربازی لەنێو ئێران دا.''  
 
دوای کۆتاییهاتنی هێرشەکە، بەرگریی ئاسمانیی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو ''سەرەڕای هۆشداریی پێشووی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە رژێمی تاوانکار و نایاسایی زایۆنی بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر کردەوەیەکی شەڕفرۆشانە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هێرشیکردە سەر بەشێک لە ناوەندە سەربازییەکانی پارێزگاکانی تاران، خوزستان و ئیلام.''
 
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە، بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە ''سەرکەوتوو'' بووە و زیانێکی کەم و سنووردار بە هەندێک شوێن کەوتووە کە قەبارەیان لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.