فریاکەوتنی ئێران: لە دوو مانگدا 61 کەس بە لافاو و هەورەبرووسکە گیانیان لەدەستداوە

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی رێکخراوی فریاکەوتنی ئێران دەڵێت، لە دوو مانگی رابردوودا 61 کەس لەو وڵاتە بەهۆی رووداوە سرووشتییەکانی وەک لافاو و هەورەبرووسکە گیانیان لەدەستداوە.
 
جەعفەر میعادفەڕ، سەرۆکی رێکخراوی فریاکەوتنی ئێران، رۆژی یەکشەممە لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی ئەو وڵاتە ئاماری قوربانیانی رووداوە سرووشتییەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو ماوەیەدا 48 کەس بەهۆی لافاو و 13 کەسیش بەهۆی هەورەبرووسکەوە گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 600 کەسیش بریندار بوون.
 
میعادفەر گوتی، بەراورد بە پار، ژمارەی قوربانییانی رووداوە سرووشتییەکان دوو هێندە و نیو، ژمارەی بریندارەکانیش دوو هێندە زیادیان کردووە.
 
بە گوتەی سەرۆکی رێکخراوی فریاکەوتنی ئێران، لەو ماوەیەدا 233 کەسیش بەهۆی خواردنی قارچکی ژەهراوی بوون.
 
بابەک یەکتاپەرست، گوتەبێژی فریاکەوتنی ئێرانیش دەڵێت: بەراورد بە هەمان ماوەی پار، ژەهراویبوون بە قارچک لە ئێران پێنج هێندە زیادیکردووە.
 
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە چەندین شەپۆلی بەهێزی بارانبارین ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان گرتەوە و چەندینجار لە چەندین شاری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لافاو دروستبوو. 
 
دوایین لافاوی گەورە لە ئێران، لافاوەکەی شاری مەشهەد بوو لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەو شارە کە بەهۆیەوە هەشت کەس گیانیان لەدەستدا، هەروەها زیانێکی زۆری مادی لێکەوتەوە.