قوتابخانەیەکی تورکیا بەناوی "ئەشکەنجەدەر"ـەکەی زیندانی دیاربەکر دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
قوتابخانەیەکی سەرەتایی شارۆچکەی بوجا لە پارێزگای ئیزمیری تورکیا بە ناوی ئەسات ئۆکتای یڵدران دەکرێت، کە بە ئەشکەنجەدەری زیندانی دیاربەکر ناسراوە.
 
ئەسات ئۆکتای یڵدران لە کاتی کودەتا سەربازییەکەی 12ـی ئەیلولی 1980 بەرپرسی زیندانی سەربازی دیاربەکر بوو و هەزاران کەسی ئەشکەنجە دا، بەو هۆیەوە ناولێنانی ئەو قوتابخانەیە بە ناوی یڵدران، ناڕەزایەتی زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی بەدواداهات. 
 
قایمقامییەتی شارۆچكەی بوجا لە هەژماری فەرمی سۆشیال میدیای خۆیدا رایگەیاند، ناوی "قوتابخانەی بنەڕەتی شەهید سادق شەن" گۆڕاوە بۆ "قوتابخانەی بنەڕەتی ئەسات ئۆکتای یڵدران"، هەروەها له قوتابخانەکەدا شوێنی یادگاری بۆ ئەسات ئۆکتای یڵدران ئامادەکراوه. 
 
دوای بڵاوبوونەوەوی ئەو هەواڵە لە سۆشیال میدیا، ناڕەزایەتی زۆری بەدوادا هات. 
 
گولستان كڵچ کۆچیغیت، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی قەرس، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیال میدیا نووسی، "ئەسات ئۆکتای یڵدران ئەشکەنجەدەر و بکوژ و رەگەزپەرستە، ئێمە رێگەتان پێنادەین ئەشکەنجەدەرەکان وەک نموونە پیشانی منداڵان بدەن".
 
هەروەها مستەفا یەنەرئۆغڵو پەرلەمانتاری پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی-دەڤا لە بازنەی ئیستەنبووڵ رایگەیاند، "کاتێک ناوی رەگەزپەرستێکی بکوژ لە قوتابخانەیەک دەنێن، گاڵتە بە ئازاری ملیۆنان کەس دەکەن، ئەمەش ورە بە ئەشکەنجەدەرەکان دەبەخشێت و تاوانە ترسناکەکانی رابردوو سپی دەکاتەوە". 
 
عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی کۆجائەلی نووسی، "ئەمە چ جۆرە سوپرایزێکە؟ ناوی کەسێک کە تاوانی ترسناکی دژی مرۆڤایەتی کردووە، لە قوتابخانەیەک دەنێن. وەزارەتی پەروەردەی تورکیا ئەمە تاوانە. ئێوە دەتانەوێت قوتابیان وەک ئەو بن؟".
 
ئۆغوز کان سالیجی پەرلەمانتاری جەهەپە لە بازنەی ئیستەنبووڵ لە پۆستیکدا نووسی، "کەسێک کە بەرپرسیارە لە کوشتنی 60 کەس بە ئەشکەنجەدان وەک پاڵەوانێک پیشانی منداڵەکانمان دەدەن؟ ئێوە بەم شێوەیە لێپرسینەوە لە 12ـی ئەیلول ناکەن، بەڵکو لە ئامێزی دەگرن". 
 
ساڤاش جاندەمیر بەرپرسی لقی 5ـی ئیزمیری سەندیکای پەروەردە و زانست رایگەیاند، لە مانگی ئایاردا ناوی قوتابخانەکە گۆڕاوە و ئەوانیش داواکاری پێشکەش دەکەن بۆ لابردنی ناوی ئەسات ئۆکتای یڵدران.
 
لە ماوەی ساڵانی 1980-1984دا کاتێک ئەسات ئۆکتای یڵدران، بەرپرسی زیندانی سەربازی دیاربەکر بوو، بەهۆی ئەشکەنجەی تووندەوە نزیکەی 50 کەس لە زیندانی دیاربەکر گیانیان لەدەستدا. دوای کودەتاکە، 1600 کەس بەهۆی ئەوەی لە زیندانی دیاربەکر ئەشکەنجەدراون، سکاڵایان لە دژی ئەسات ئۆکتای یڵدران تۆمار کرد، بەڵام دادگاکان لێکۆڵینەوەیان لەبارەی سکاڵاکان نەکرد. 
 
زیندانی دیاربەکر بەهۆی ئەشکەنجەکانی ئەسات ئۆکتای یڵدرانەوە بە یەکێک لە خراپترین زیندانەکانی جیهان هەژمار دەکرێت. 
 
دەسەڵاتی ئاکپارتی لە ساڵی 2023ـدا بۆ ئەوەی یادەوەرییە ناخۆشەکانی ئەوێ لەبیر نەکرێن زیندانی دیاربەکریان کردە مۆزەخانە. ئەو کەسانەی رەخنە دەگرن دەڵێن، حکومەتی ئاکپارتی لەلایەک زیندانێک دەکات بە مۆزەخانە و لەلایەکی دیکەوە قوتابخانەیەکی بە ناوی ئەسات ئۆکتای یڵدرانەوە ناوناوە.
 
ئەسات ئۆکتای یڵدران ساڵی 1949 لەدایکبووە، دەگوترێت لە 22ـی تشرینی یەکەمی 1988 لە ناوچەی عومرانییە لە ئیستەنبووڵ لەگەڵ هاوژینەکەی و دوو منداڵیدا کاتێك سواری پاسێکی شارەوانی بووە، کوژراوە.