وەزیری وزەی ئێران: کێشەی کارەبامان نییە

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری وزەی ئێران دەڵێت، لە چەند رۆژی رابردوو دا دۆخی بەرهەمهێنانی کارەبا باشتر بووە و چیدیکە کارەبا ناپچڕێت.
 
ئەمڕۆ (سێشەممە، 26-11-2024) عەباس عەلی ئابادی، وەزیری وزەی ئێران رایگەیاند "سووتەمەنی پێویستمان بە دەست گەیشتووە و لە چەند رۆژی رابردوودا دۆخی بەرهەمهێنانی کارەبا باشتر بووە؛ لە دابینکردن و بەرهەمهێنانی کارەباش کێشەمان نییە." 
 
عەلی ئابادی گوتی "نوێژەنکردنەوەی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەشێوەیەکی خێرا کرا، ئێستا توانای بەرهەمهێنانی 40 هەزار مێگاوات کارەبامان هەیە." 
 
وەزیری وزەی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەیان لە بەرهەمهێنانی کارەبا دا نییە و وێستگەکانیان توانای بەرهەمهێنانی کارەبای پێویستیان هەیە،  چیدیکە کارەبایان نابڕێت.
 
رۆژی 7ـی تشرینی دووەمی 2024، بە بڕیاری مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بەکارهێنانی مازۆت لە سێ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە شارەکانی ئەراک، کەرەج و ئیسفەهان راگیرا. بەرپرسانی حکومەتی ئێران رایانگەیاند، بڕیارەکە لەپێناو تەندروستیی خەڵک دراوە. سێ رۆژ دواتر حکومەتی ئێران بە فەرمی رایگەیاند کەمیی کارەبا هەیە و بە ناچاری لە هەموو پارێزگاکان رۆژانە بۆ ماوەی دوو کاژێر کارەبای ماڵان دەبڕدرێت.