ئێران دەڵێت دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بەرگری لەخۆی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئێران رایگەیاند، لە دژی ئیسرائیل بەرگری لە خۆی دەکات، دوای ئەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە، بوونە هۆی کوژرانی لانیکەم چوار ئەفسەری ئەو وڵاتە.
ئیسرائیلیش هۆشداریی بە تاران دا لەوەی "باجێکی قورس دەدات" ئەگەر وەڵامی هێرشەکان بداتەوە. ئەمریکا ئەڵمانیا و بەریتایاش داوایان لە تاران کرد، گرژییەکان زیاتر نەکات.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل گوتی، هیواخوازە "ئیدی ئەمە کۆتایی [گرژییەکان] بێت."
یەکێتیی ئەورووپاش داوای لە هەموو لایەنەکان کرد ئەوپەڕی دان بە خۆیاندا بگرن بۆ ئەوەی "هەڵچوونێکی لەدەستدەرچوو" روونەدات.
وڵاتانی دیکەش، لە نێویاندا بەشێکی زۆری دراوسێکانی ئێران، سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسرائیلیان کرد و بەشێکیان، لەوانەش رووسیا، داوایان لە هەردوولا کرد، ئارامبگرن. مۆسکۆ گوتی، پێویستە رێگری لە "سیناریۆی کارەساتبار" بکرێت.
ئێران، جەختیکردەوە لەوەی "ماف و ئەرکی" ئەوەی هەیە بەرگری لە خۆی بکات. هاوکات حیزبوڵڵای لوبنانی گوتی، ژمارەیەک گورزە رۆکێتی گرتووەتە ئیسرائیل.
سوپای ئیسرائیل گوتی، رۆژی شەممە، 80 رۆکێت و مووشەک بە درێژایی سنوور بە ئاراستەی ئیسرائیل هاوێژراون.
دواتر حیزبوڵڵا هۆشداریی بە خەڵکی زیاتر لە 20 شوێنی ئیسرائیل دا چۆڵی بکەن.
دوای ئەوەی دەنگی تەقینەوە و گرمەی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە تاران دەنگیدایەوە، سوپای ئیسرائیل پشتڕاستیکردەوە هێرشی کردووەتە سەر کارگەی مووشەک و پێگە سەربازییەکانی ئێران لە ناوچە جیاجیاکانی ئەو وڵاتە.
دواتر گوتەبێژێکی سوپا رایگەیاند "هێرشی تۆڵەسەندنەوەکە کۆتاییهاتووە و کارەکە بەجێگەیێنرا،" و فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل "بە سەلامەتی گەڕانەوە."
ئێران پشتڕاستیکردەوە ئیسرائیل پێگە سەربازییەکانی دەوروبەری تاران و شارەکانی دیکەی کردووەتە ئامانج، "زیانێکی سنوورداریان هەبووە"، بەڵام چوار ئەندامی سوپاکەی کوژران.
سەرۆکایەتیی سوپاسالارەکانی ئێران گوتی، تەنیا رادارەکان زیانیان بەرکەوتووە و هەڕەشەی هیچ تۆڵەسەندنەوەیەکی نەکرد.
هەروەها روونیکردەوە "لەکاتێکدا مافی یاسایی و رەوای هەیە لە کاتێکی گونجاودا وەڵامبداتەوە، ئێران بەدیهێنانی ئاگربەستێکی درێژخایەن لە غەززە و لوبنان دەخاتەپێشەوە."
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، پێداگریی ئێران لەسەر بەرگریکردن لە خۆی، "هیچ سنوورێکی نییە".
هێرشی راستەوخۆ
ئیسرائیل بەڵێنی دابوو تۆڵە لە ئێران بکاتەوە لەبەرامبەر هێرشەکەی 1ـی تشرینی یەکەم، کاتێک بە نزیکەی 200 مووشەکی بالیستی بۆ دووەم جار لە مێژووی خۆیدا، راستەوخۆ هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. زۆربەی ئەو مووشەکانە بەرپەرچدرانەوە، بەڵام کەسێک بەهۆیانەوە کوژرا کە هاووڵاتییەکی فەلەستینی بوو لە کەرتی رۆژئاوا.
عێراق، پاکستان، سووریا و سعودیە سەرکۆنەی هێرشەکەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆی ئیسرائلیان کرد بۆ سەر ئێران.
ئوردن رەتیکردەوە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ئاسمانی وڵاتەکەیان بەکارهێنابێت. تورکیاش گوتی، "ئەو تیرۆرەی ئیسرائیل دروستیکردەوە" پێویستە کۆتایی پێ بهێنرێت.
هێرشە زەوینییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و غەززەش بەردەوامن.
لە مانگی رابردووەوە، ئیسرائیل دەستی بە فراوانکردنی هێرشەکانی کردووە بۆ سەر باشووری لوبنان، بۆ ئەوەی بە گوتەی خۆی، هەڕەشەی حیزبوڵڵا لە سنوورەکەی دووربخاتەوە. 27ـی ئەیلوول، بە هێرشێکی ئاسمانی، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکەی کوشت.
هەروەها ماوەی ساڵێک زیاترە، هێرشەکانی بۆ سەر غەززە بەردەوامن، کە بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 42 هەزار و 924 کەس، وێرانبوونی زۆربەی کەرتەکە و ئاوارەبوونی دانیشتووانی.
دۆخی غەززە لە ئەنجامی بۆردوومان و هێرشە زەوینییەکانی ئیسرائیل گەیشتووەتە ئاستێک، کە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات "تاریکترین کات" بەڕێوەیە، بە جۆرێک فەلەستینییەکان لەژێر بۆمبارانی رۆژانەی ئیسرائیل، رووبەڕووی قەیرانێکی مرۆیی سەخت دەبنەوە.
"هێزە بەوەکالەتەکانی ئێران"
بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، وڵاتەکەی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەشدار نەبووە، بەڵام دواتر ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل سوپاسی ئەمریکای کرد لەبەرامبەر "هاوکاریی ئاشکرا و نهێنی" بۆ ئیسرائیل.
شۆن ساڤێت، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا گوتی، وەڵامی ئیسرائیل بۆ ئێران "رێکارێکی بەرگری لەخۆکردن بوو."
هەروەها داوای لە ئێران کرد، "هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل بوەستێنێت بۆ ئەوەی ئەم سووڕی شەڕکردنە کۆتایی بێت، بێ ئەوەی گرژی زیاتری تێبکەوێت."
سوپای ئیسرائیل "ئێران و هێزە بەوەکالەتەکانی" لە عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن تۆمەتبارکرد بەوەی "لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە بێووچان هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل."
7ـی ئۆکتۆبەری 2023 کاتێک حەماس هێرشی کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە، هەزار و 206 کەس کوژران.
هەروەها 251 کەسی دیکە لە لایەن چەکدارانی فەلەستینییەوە بە بارمتە گیران و بەشێکیان هێشتا لە غەززە ماون.
لە کۆتایی مانگی ئەیلوولەوە، ئیسرائیل سەرنجی لە غەززەوە گواستەوە سەر پێگە و سەرکردەکانی حیزبوڵڵا لە لوبنان و دواتر لەشکرکێشیی کردە سەر باشووری لوبنان.
ئیسرائیل دەڵێت، ئامانج لەو هێرشانە گەڕاندنەوەی ئارامییە بۆ باکووری ئیسرائیل کە دەیان هەزار کەس بەهۆی شەڕەوە ناچار بوون ماڵەکانیان جێبهێڵن.
لە 23ی ئەیلوولەوە، لانیکەم هەزار و 615 کەس لە لوبنان کوژراون.
مانگی نیسانی ئەمساڵ، ئێران بۆ یەکەم جار لە مێژووی خۆیدا بە 300 درۆن و مووشەک هێرشی راستەوخۆی کردە سەر ئیسرائیل.
تاران گوتی، ئەو هێرشە بۆ سەندنەوەی تۆڵەی چەند ئەندامێکی سوپای پاسداران بوو، کە لە هێرشیکی ئیسرائیلدا بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق کوژران.
دواتر هەر لە مانگی نیسان، ژمارەیەک تەقینەوە پارێزگەی ئەسفەهانی ئێرانیان هەژاند، ئەوکات بەرپرسانی ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەیان گوت، ئەوە تۆڵەکردنەوەی ئیسرائیل بووە.
ئێران دەڵێت، هێرشەکەی 1ـی تشرینی یەکەمی بۆ سەر ئیسرائیل بۆ تۆڵەکردنەوەی کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، هەروەها ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس و جەنەڕاڵێکی خۆی بووە کە لە کات و شوێنی جیادا کوژران.