سەرۆکایەتیی ئەرکانی ئێران: ئیسرائیل ئاسمانی عێراقی بەکارهێناوە بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتەکەمان
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی ئەرکانی ئێران راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیلەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت: ئاسمانی عێراقی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتەکەمان بەکارهێناوە.
ئەمڕۆ شەممە، 26ـی تشرینی یەکەم، سەرۆکایەتیی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند، "ئیسرائیل سوودی لە دەسەڵاتی ئەمریکا لە ئاسمانی عێراق وەرگرتووە و فڕۆکەکانی ئیسرائیل لە ئاسمانی ئەو وڵاتەوە هێرشیان کردووە."
سەرۆکایەتیی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاندووە، فڕۆکەکان لە ئاسمانی عێراق و بە دووریی 100 کم لە سنووری ئێران مووشەکیان هاوێشتووە، "زیانێکی کەم بەر سیستمی راداری و بەرگریی ئاسمانیی ئێران کەوتووە."
سەرۆکایەتیی ئەرکانی ئێران دەڵێت، رێگرییان لە فڕۆکەکانی ئیسرائیل کردووە ئاسمانی ئەو وڵاتە ببەزێنن. پەیامێکیشی بۆ ئەمریکا نارد و داوا دەکات "کۆنترۆڵی هەڵسوکەوتە نایاساییەکانی ئیسرائیل بکات." هاوکات داوا لە هاووڵاتییانی ئێران دەکات لە پێگە فەرمییەکانەوە بەدواداچوون بۆ هەواڵەکان بکەن.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە کاژێر 2:30 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی شەممە بە 100 فڕۆکە هێرشیان کردە سەر 20 ئامانج لە پارێزگاکانی تاران، ئیلام و خوزستان.
بەپێی راگەیاندنی ئیسرائیل، سەکۆی مووشەکی و ناوەندی بەرهەمهێنانی درۆنیان کردووەتە ئامانج.
سوپای ئێران رایگەیاندووە، لە هێرشەکاندا چوار ئەفسەری بەرگریی ئاسمانی لە کاتی بەرگریکرن لە هێرشەکانی ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە.