زیندانییەکی ئێرانی - ئەمریکی لە گرتووخانەی ئێڤینی تاران گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

ئێران گیانلەدەستدانی زیندانییەکی ئێرانی - ئەمریکی بە ناوی فەرامەرز جاویدزاد لە گرتووخانەی ئێڤینی تاران پشتراستکردەوە، بەڵام رەتیکردەوە بەهۆی خەمساردی بەرپرسانی زیندان و پێشکەشنەکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان گیانی لەدەستدابێت.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی میدیای ئێرانی بڵاویان کردووەتەوە، هاووڵاتییەکی جووی ئێرانی بە ناوی فەرامەرز جاویدزاد، کە وڵاتینامەی ئەمریکاشی هەبووە، لە گرتووخانەی ئێڤینی تاران گیانی لەدەستداوە.
 
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی زیندانەکانی پارێزگای تاران لەبارەی گیانلەدەستدانی ئەو هاووڵاتییە ئێرانی - ئەمریکییە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، فەرامەرز جاویدزاد بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە گواستنەوەی موڵکی کەسانی دیکە، بەشداریکردن لە پێکهێنانی تۆڕی ساختەکاری و هەروەها سێ حاڵەتی گواستنەوەی موڵکی کەسانی دیکە"، سزا درابوو و لە گرتووخانەی ئێڤینی تاران راگیرابوو.
 
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی زیندانەکانی تاران هەروەها رایگەیاندووە: "لە کاتێکدا باس لەوە کراوە کە ئەو زیندانییە بەهۆی نەناردنی بۆ نەخۆشخانە و پێرانەگەیشتنی بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیەکەی گیانی لەدەستداوە، بەڵام لەو ماوەیەی لە زیندان بووە، بەهۆی ئەوەی پیشتر نەخۆشی گەدەی هەبووە، پێنج جار نێردراوەتە نەخۆشخانەکانی دەرەوەی زیندان. هەروەها بەپێی ئەو زانیارییانەی لە دۆسیە پزیشکییەکەیدا هەن، ئەو زیندانییە جارێک لە نەخۆشخانە نەشتەرگەری بۆ کراوە و بە پێداگری و رەزامەندی خۆی لە نەخۆشخانە گوازراوەتەوە."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "رۆژی 23ی ئەیلوولی 2023 جارێکی دیکە تەندروستیی ئەو زیندانییە تێکدەچێت بۆیە دەستبەجێ دەگوازرێتەوە بنکەی تەندروستی زیندانەکە و پزیشکەکان هەوڵیانداوە بە پرۆسەی سی پی ئار، ئەو کەسە بگەڕێننەوە بۆ ژیان، بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئەنجام بووە و زیندانییەکە گیانی لەدەستداوە."
 
بەپێی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران، ئەو هاوڵاتییە ئێرانی - ئەمریکییە لە گرتووخانەی ئێڤینی تاران بە هۆی "پشتگوێخستن و پێڕانەگەیشتنی بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیەکەی" گیانی لەدەستداوە.
 
ئاژانسی مافی مرۆڤی هرانا رایگەیاندووە، ئەو هاوڵاتییە ئێرانی - ئەمریکییە تووشی نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرە و گەدە ببوو و بۆ چارەسەرکردنی پێویستی بەوە هەبووە بگوازرێتەوە نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی زیندانەکە، بەڵام سەرەڕای رازیبوونی دادوەری دۆسیەکە بۆ گواستنەوەی، بەرپرسانی زیندان رێگەیان نەداوە ئەو زیندانییە ببرێتە ناوەندێکی تەندروستی لە دەرەوەی زیندان و بەو هۆیەوە شەوی هەینی، 22ی ئەیلوولی 2023 تووشی خوێنبەربوونی گەدە و دابەزینی گوشاری خوێن بووە و گیانی لەدەستداوە.
 
گیانلەدەستدانی ئەو زیندانییە لە کاتێکدایە، لە چوارچێوەی رێکەوتنی ئێران - ئەمریکا بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانی، هەفتەی رابردوو ئێران پێنج هاووڵاتیی ئەمریکی و ئەمریکاش پێنج هاووڵاتیی ئێرانی ئازاد کرد.