لە بنکەیەکی سەربازیی ئێران تەقینەوە روویدا و ئەندازیارێک گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئێران رایگەیاند، بەهۆی رووداوێک لە یەکەیەکی لێکۆڵینەوەی سەر بەو وەزارەتە، ئەندازیارێکی پیشەسازیی سەربازی گیانی لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش برینداربووە.
پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی بەرگریی ئێران دەڵێت، رووداوەکە ئێوارەی چوارشەممە 25/05/2022 لە یەکێک لە یەکەکانی لێکۆڵینەوەی وەزارەتی بەرگری لە ناوچەی پارچین روویداوە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بە جۆری رووداو و هۆکارەکەی نەدراوە، بەڵام ژمارەیەک میدیای ئێران بڵاویانکردووەتەوە، لە کارخانەیەکی پیشەسازیی سەربازیی ئەو وڵاتە تەقینەوە روویداوە.
پارچین ناوی ناوچەیەکە لە باشووری رۆژهەڵاتی شاری تاران و بە ناوەندێکی کارگە و کارخانەکانی دروستکردنی کەرەستەی سەربازی و مووشەکی و ئەتۆمی ئێران ناسراوە. ساڵەکانی 2007 و 2020 دووجار تەقینەوەی گەورە لە بنکە سەربازییەکانی ئەو ناوچەیە روویداوە.