لە هێرشێکی چەکداریدا لە ئێران ئەفسەرێک و منداڵێکی ساوا کوژران

رووداو دیجیتاڵ 

لە هێرشێکی چەکداریدا لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران، دوو کەس کوژران کە یەکێکیان ئەفسەرێکی هێزەکانی پۆلیسە و ئەوەی دیکە منداڵیکی ساوایە، هەروەها دوو کەسی سڤیلیش بریندار بوون.
 
میدیای ئێران دەڵێت، هێرشەکە شەوی دووشەممە، 25ـی ئاداری 2024، لەسەر رێگەی نێوان شارەکانی خاش- ئیرانشەهر روویداوە؛ کۆمەڵێک چەکدار تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس کردووە و بەهۆیەوە کوژراو و برینداری لێکەوتووە.
 
ناوەندی راگەیاندنی فەرماندەیی پۆلیسی سیستان و بەلووچستان، ئەمڕۆ (سێشەممە، 26ـی ئاداری 2024)راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "شەوی رابردوو، لەسەر رێگەی نێوان خاش-ئیرانشەهر لەلایەن تیرۆریستەکانەوە هێرش کراوەتەوە سەر ئۆتۆمبێلی یەکینەی کۆماندۆی تایبەت بە دابینکردنی ئاسایشی هاووڵاتیان لە رۆژانی جەژنی نەورۆزدا، بەهۆیەوە ئەفسەرێکی پۆلیس بە پلەی نەقیب بەناوی محمەمەد زەخیرە گیانی لەدەستداوە."
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، لە کاتی هێرشەکەدا، لە لایەن هێرشبەرانەوە تەقە لە ئۆتۆمبێلێکی سڤیلیش کراوە، لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستداوە کە منداڵێکی ساوایە و دوو کەسیش بریندار بوون کە ئەندامی خێزانێکن.