گومرگی ئێران: لە ساڵێکدا بە بەهای 3.2 ملیار دۆلار مۆبایل هاوردە کراوە

رووداو دیجیتاڵ

گومرگی ئێران رایگەیاند، لە ماوەی ساڵێکدا زیاتر لە 14.6 ملیۆن ئامێری مۆبایل، کە بە بەهای زیاتر لە 3.2 ملیار دۆلار بووە، هاوردەی ئەو وڵاتە کراوە.
 
گومرگی ئێران ئامارێکی لەبارەی هاوردەکردنی مۆبایل لە لایەن ئەو وڵاتەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ماوەی ساڵێکدا (لە 21-03-2023 تاوەکو 21-3-2024) لە رێگەی گومرگ و دەروازە سنوورییەکانەوە 14 ملیۆن و 688 هەزار و 580 ئامێری مۆبایل هاوردەی ئەو وڵاتە کراون.
 
بەپێی گومرگی ئێران، بەهای سەرجەم مۆبایلە هاوردەکراوەکان 3 ملیار و 202 ملیۆن دۆلار بووە.
 
هەر بەپێی ئامارەکانی گومرگی ئێران، لەو ژمارەیە 14 ملیۆن و 222 هەزار و 306 ئامێری مۆبایل بە بەهای 2 ملیار و 932 ملیۆن دۆلار بە شێوەی بازرگانی هاوردە کراون، بەشەکەی دیکەش کە دەکاتە 466 هەزار و 274 مۆبایل و بە بەهای 270 ملیۆن دۆلارە، لە رێگەی گەشتیارییەوە بووە.
 
گومرگی ئێران دەڵێت، هاوردەکردنی مۆبایل 4.5٪ـی کۆی هاوردەکردنی ئەو وڵاتە لە ماوەی ساڵێکدا پێکدەهێنێت.