دوای 100 رۆژ کارنامە ئابوورییەکەی حکومەتی پزیشکیان رووبەڕووی رەخنە دەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای 100 رۆژ لە دەستبەکاربوونی کابینەی مەسعود پزیشکیان کە دروشمی حکومەتەکەی باشترکردنی دۆخی ئابووریی ئێران و بژێویی خەڵکە، لەو ماوەیە دا گرانی زیاتر بووە.
موحسین حاجی بابایی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت: "حکومەت پێویستە سەرنجی تایبەت بخاتە سەر گرانییەکان، لەبەرئەوەی بەڕاستی خەڵکی بێهیوا کردووە. لیژنەکانی پەیوەندیدار لە پەرلەمان بە ئامادەبوونی وەزیرەکان کۆببنەوە بۆ ئەوەی سەبارەت بە هۆکاری گرانییەکان روونکردنەوە بدەن و بڵێن هۆکاری ئەو گرانییانە چین و ئەرکی چاودێریی خۆیان جێبەجێ بکەن."
لە 100 رۆژی رابردوودا، توانای کڕینی خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کەمیکردووە. نرخی زۆربەی خواردەمەنییەکان وەکو نان، شیر و هێلکە 25٪ بۆ 30٪ زیاد بووە. هەروەها کرێی خانوو بەراورد بە پار 50٪ بۆ 100٪ بەرزبووەتەوە.
حکومەتەکەی پزیشکیان، نرخی ئۆتۆمبێلی 30٪ زیاد کردووە. پلانی ئەوەی هەیە نرخی بەنزینیش گران بکات. لە پرۆژەیاسای بودجەشدا نرخی یەک لیتر بەنزینی فڕۆکە 11 هێندە زیاد کراوە، واتە لە 600 تمەنەوە دەکرێتە 7 هەزار تمەن.
بە گوتەی جەلیل موختاری، گوتەبێژی کومیسیۆنی وزە لە پەرلەمانی ئێران، حکومەت بە نهێنی نرخی کارەباشی 38٪ گران کردووە.
محەممەدڕەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت: "کەمێک نادادپەروەری دەکرێت بەرامبەر بە ئێمە، نامەوێت لەمە تووندتر بڵێم. ئەگەر پێویستی کرد، روونی دەکەینەوە کە چیمان وەرگرتووە و دۆخەکە چۆن بوو. نامانەوێت بگەینە دۆخێکی لەم شێوەیە، بەڵام ناچارمان مەکەن راپۆرتی وەزارەتەکان لە کاتی وەرگرتنیان بۆ خەڵک بخەینەڕوو. بریار نەبوو خەڵکی سارد بکەینەوە."
دۆخی ئابووریی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە خراپتر بووە. ناوەندی توێژینەوەکانی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، زیاتر 30٪ی خەڵکی ئەو وڵاتە لە خوار هێلی هەژاریدان.
لەلایەکی دیکەوە، کورتهێنانی بودجەی ئێران بۆ ساڵی داهاتوو نزیکەی 950 تریلیۆن تمەنە و پێدەچێت، حکومەت رێگەیەکی سەختی لەبەردەمدا بێت.